کازمی و رەئیسی لەسەر کۆمەڵێک پرس رێککەوتن

لەسەردانەکەیدا ئێران سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر ژمارەیەک پرس رێککەوتن، گرنگرتینیان کە پەیوەندی راستەوخۆی بە هاوڵاتی هەردوو وڵاتەوە هەیە هەڵگرتنی ڤیزای نێوانیانە بۆ سەفەرکردن.

دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ ی ئەیلولی نێوان مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، مستەفا کازمی ڕایگەیاند، " کۆمەڵێک پرسی هاوبەشمان تاووتوێ کرد کە تایبەتن بە پەیوەندی برایەتی و مێژوویی نێوان هەردوولا."   
  
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەن کە لە شەڕی داعشدا هاوکاریی عێراقیان کردووەو، لە نێویشیاندا ئێران کە لە یەکەم ساتەوە لە شەڕی دژی داعش هاوکاری عێراق بووە.

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێرانیش ڕایگەیاند، "پەیوەندی قوڵمان لەگەڵ عێراق هەیە و چاویشمان لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانە."   
  
وتیشی، "لە کۆبوونەوەکەماندا ڕێککەوتین بە هەڵگرتنی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات."   

بابەتێکی دیکە کە دانوستانی لەسەر کراو رێککەوتنی لەسەرکرا دروستکردن و بەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەر بو لە نێوان ناوچەی شەلامشە و بەسرە، وە بڕیارە کە پەلەبکرێت لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بەپێی رێنوێنی سەرۆک وەزیران و بەدواداچونی وەزیرانی پەیوەندیدار کە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەردو وڵات دەشکێتەوە، خاڵێکی دیکە کە قسەی لەسەرکرا پەیوەندی ئابوری و بانکداری بو کە لەنێوان هەردو وڵاتدا هەیە و بڕیارە چاودێری و بەدواداچونی بۆ بکرێت.

ئیبراهیم رەئیسی ئەوەشی خستەڕو، "بابەتێکی دیکە کە باسکرا ئێمە نزیکین لە ساڵیادی چلەی حوسەیینیە و ئێستاش دۆخێکی تایبەت هەیە بە کۆرۆنا کە هەمو جیهانی گرتوە و بایەخدانی تەواومان هەیە بە پاراستنی تەندروستی سەردانکەران، ژمارەی سەردانکەران زیاد دەکرێت کە دەیانەوێت سەردانی ئیمام حوسەین بکەن، هیوادارین ئەو بڕیارانەی لە کۆبونەوەکان دران بەزوترین کات بچنە بواری جێبەجێکردنەوە". 



PM:03:08:12/09/2021