دوای رۆژێک لە رووداوەکەی تووە سپی
ژمارەیەک خەڵکی ئەو گوندە بەردەوامن لە دروستکردنی خانوو بە زیادەڕۆیی

دوای رۆژێک لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی پۆلیس بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆیی لەگەڵ خەڵکی گوندە تووە سپی و برینداربوونی چەندان کەس لە هەردوولا، ئەمشەو جارێکی تر خەڵکی ئەو گوندە دەستیان کردۆتەوە بەدروستکردنی خانووی زیادەڕۆیی.

پەیامنێری ماڵپەڕی " سپی " لە نزیکی ئەو گوندە کە دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای سلێمانی لەسەر رێگای دۆڵەڕووت، رایگەیاند" ئەمشەو ژمارەیەک خەڵکی ئەو گوندە وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، دەستیان کردۆتەوە بە دروستکردنی خانووی زیادەرٶیی، کەس بە کەس نییە".

 ئەمڕۆ قائیمقامیەتی سلێمانی لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ‎به‌ئامانجی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دانیشتوانی گوندی تووەسپی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی پێشوازی کرد له‌ نوێنه‌ری دانیشتوانی گوندی تووه‌سپی و رایگه‌یاند" جێگری سه‌رۆكی حکومەت ھاتوەتە سەر ھێڵ و له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌دان بەشێوەی یاسایی".

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە "‎لە بارەی کێشەی ئەو گوندە کە شەوی رابردو بەھۆی دروستکردنی چەند خانویەکی زیارەڕۆیی گرژیی دروستبو و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی و کارمەندی هێزەکانی ئەمنی برینداربون، ئاوات محەمەد بە ‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی به‌كره‌جۆ و به‌شی یاسایی قائیمقامیه‌تی سلێمانی وتی" پێشتر ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی زیادەڕۆیی ئەو گوندەیان داوە  و لە رێگەی دروستکردنی شارەوانییەک و  جیاکردنەوەی سنوری گوندەکە، بەڵام دانیشتوانی گوندەکە چاوەڕێی ئەو ھەوڵانەیان نەکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بەشێوەیەکی یاسایی".




PM:08:37:22/09/2021