سەرۆک كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت" كۆبونەوەكەی هەولێر هەوڵێكە بۆ تێكدانی بارودۆخی گشتی و بەئامانجگرتنی ئاشتی كۆمەڵایەتی".
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت" جەخت لەسەر هەڵوێستی جێگری عێراق دەكەینەوە بۆ پاڵپشتیكردن لە دۆزی فەلەستین و بەجێهێنانی تەواوی مافە ڕەواكانی گەلی فەلەستین".
ڕاشیگەیاندووە" ئەو كۆبونەوەی بەمدواییە لە هەولێر سازدراوە بۆ بانگەشەكردن بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، نوێنەرایەتی خەڵك و دانیشتوانی شارە عێراقییەكان ناكات و تەنیا گوزارشت لەو كەسانە دەكات كە بەشدارییان تێدا كردووە".
هاوكات جەختی لەسەر هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی عێراق كردووە، لە پرسی رەتكردنەوەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، داواشدەكات رێز لە ئیرادەی عێراقییەكان و بڕیارە نیشتمانییە سەربەخۆكانیان بگیرێت .
ئاشكراشیكردووە: كە ئەو كۆبونەوەیە هەوڵێكە بۆ تێكدانی بارودۆخی گشتی و بەئامانجگرتنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و داواشدەكات ئەوانەی بەشداری بوون دووربكەونەوە لە بانگەشەكردن بۆ ئەو بۆچونانەی كە لەڕووی نیشتمانی و یاساییەوە ڕەتكراوەن.
دوێنێ لە شاری هەولێر بەئامادە بونی ٣١٢ کەسایەتی و سەرۆک عەشیرەت و کوڕی سەرۆکی پێشوو تری ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەک لە هۆتێل دیڤان ئەنجامدرا کە تێیدا داوایی ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا.