پەرلەمانتارێک: هەزاران دوکاندار لە بازاڕی داون تاون و نیشتیمان بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیایەک زیاتر لە (٣٠٠) ملیۆن دۆلار زیانیان کردوە

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" ھەشت ھەزار خێزان لە بازاڕی داون تاون و نیشتیمان بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیایەک زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار زیانیان کردوەو ئێستاش بەشێکی زۆریان ھەر دوکانەکەیان داخستوەو دەبێت مانگانەش کرێ بدەن و ھەر ڕۆژەو بەناوێک ھەڕەشەیان لێدەکرێت". 

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێک ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت" نزیکەی ھەشت ھەزار خێزان لە بازاڕی داون تاون و نیشتیمان بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیاکەی نزار حەنا زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار زیانیان کردووە و ئێستاش بەشێکی زۆریان ھەر دوکانەکەیان داخستووە و دەبێت مانگانەش کرێ بدەن و ھەر رۆژە و بەناوێک ھەڕەشەیان لێدەکرێت، بڕیاربوو لە ناوجەرگەی ھەولێردا بازاڕی نیشتیمان و داون تاون دروستبکرێت، بازاڕێکی مۆدێرن و ھاوچەرخ، ھەزاران ھاوڵاتیی ھەولێر موڵکیان فرۆشتوو چوون دوکانیان کڕی، بەڵام پرۆژەکە تەواونەکرا".

ئاماژەی بەوەشکردووە: بازاڕی داون تاون خەڵک خۆی دوکانەکانی تەواوکرد، بڕیاربوو تاوەکو پرۆژەکە  تەواو نەکرێت کرێ وەرنەگرێت، پرۆژە تەواو نەکرا، شوێنێ دوکانەکان زۆربەیان ھەر ناتواندرێت بکرێنەوە، دەبێت مانگانەش کرێ بدرێت، ئەمە بۆ بازاڕی نیشتیمانیش راستە، واتە کەسێک دوکانێکی کڕیوەو خۆی تەواوی کردوە، بەھۆی خراپی شوێنەکەی و تەواونەکردنی پرۆژەکەی ناتوانێت دوکانەکە بکاتەوە، دەبێت ھەموو مانگێکیش نزیکەی ٥٠٠ ھەزار دیننا بۆ سەرەوە بدات( کەرێ بە پێی ڕووبەر وەردەگیرێت) (ڤیدۆکە ببینە) ئەگەرنا دوکانەکەیان لێوەردەگیرێتەوە! ئەمە بۆ بازاڕی نیشتیمانیش راستە. 

ئەوەشی خستەڕوو: ھاوڵاتی ھەیە ٥٠٠ ھەزار دۆلار زیانی بەرکەوتوەو مایەپوچ بوە، شوێنێ دوکانەکەی بە کەڵکی کردنەوە نایەت و بووە بە زەبڵخانە، بەڵام دەبێت مانگانە کرێ بدات!! ھەر ڕۆژێک بەناوی بەرپرسێکەوە ھەڕەشە لە خەڵکی کاسبی ئەم بازاڕە دەکرێت. 

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکردووە: کۆمپانیا بە بەھای سەدان ملیۆن دۆلار لە نایابترین شوێنی ھەولێر زەوی پێدراوە، نەیتوانیوە پرۆژەکەی تەواو بکات بووە بۆ زیان بۆ ھەزاران خێزان، بۆیە داواکارم لیژنەیەکی پسپۆڕ لێکۆڵینەوە لەم پرۆژە بکات و بڕیارێکی دادپەروەرانە بدات و ھەزاران خێزان و خەڵکی کاسب چاوەڕێی بڕیارێکی دادپەروەرانەن. 


PM:08:02:27/09/2021