قائیمقامی سلێمانی: ئەو کەسەی هێرشیکردە سەر سەرمایەدارێک لەدەست یاسا رزگاری نابێت

قائمقامی سلێمانی لەبارەی هێرشکردنە سەر برایەکی هاوبیر ئەنوەر برزووەوە لەلایەن پاسەوانەکانی ئامر لیوایەکی هێزەکانی هەشتاوە، رایگەیاند" هیچ کەسێک لە دەست یاسا رزگاری نابێت و لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاساییشەوە بەدواداچونی پێویست لەوبارەیەوە دەکرێت".

بەیانی ئەمڕۆ ماڵپەڕی سپی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە لەگەڕەکی بەختیار پاسەوانی ئامر لیوایەکی هێزەکانی هەشتە بەقۆناغە کڵاشنکۆف هێرشدەکەنە سەر برایەکی بەڕێوەبەری پرۆژەی دەروازە سیتی، هاوبیر ئەنوەر برزو،  قائیمقامی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایگەیاند " لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە بەدواداچونی پێویست دەکرێت بۆ هەمو ئەو کەیسانە و هیچ شتێکی وا کە تازۆر دیاربێت لە سلێمانی روینەداوە، روینەداوە و ئەوە حاڵەتێک بوە و بەدواداچونی بۆ دەکرێت".

ئاوات محەمەد وتیشی " بەدڵنیاییەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر بە هەموو ئەو کەسانە دەگیردرێتەبەر و هیچ کەسێکیش لەسەروی یاساوە نیە، ئیجرائاتی تەواو لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت کە نایاسایی دەکەن و کارێک دەکەن کە دژی بەرژەوەندی تاک و کۆمەڵە لە شاری سلێمانی".

" سپی " بەیانی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئەو ئامر لیوایە چەند ساڵێک لەمەوبەر کێشەی زەوی لەگەڵ پرۆژەی دەروازەدا هەبووە، دواتر بەڕێوەبەری پرۆژەکە، هاوبیر ئەنوەر برزو ٣٠٠ هەزار دۆلاریان بە ئامر لیواکە داوەو کێشەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام رۆژی هەینی پاسەوانەکانی ئەو ئامر لیوایە چوونەتە بەر ماڵی دایکی ئەو کوڕە لە گەڕەکی بەختیاری و هێرشیان کردۆتە سەری .  



PM:07:54:03/10/2021