" گەر حکومەت رێگا بدات نەوەی نوێ بەنزین بە ٤٧٥ دینار دەهێنێتە هەرێم "

نەوەی نوێ سوورە لەسەر هێنانی بەنزین و فرۆشتنی یەک لیتری بە ٤٧٥ دینار ئەگەر حوکمەتی هەرێم هیچ باج و سەرانەیەک وەرنەگرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم لە نوێترین راگەیاندنیدا دەڵێت" ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی (2021/10/24)ی زایینی، بڕی (540) هەزار لیتر بەنزین دەگاتە وێستگەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان و لە دوو ڕۆژی ئاییندەشدا ئەو بڕە بۆ دوو بەرامبەر زیاد دەکرێت". ( بەبێ ئەوەی حکومەتی هەرێم نرخەکەی دیاری بکات).
 
پاش ئەوەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای کرد رێگەیان پێبدرێت بەنزین بھێنن و هەر لیترێکی بە ٤٧٥ دینار دەفرۆشن، ئەمڕۆ جوڵانەوەکە بە نوسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کرد بێ ھیچ باج و سەرانەیەک رێگای بدەن بەنزین بھێنێتە ھەرێم. 

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، جوڵانەوەکە مەرجی خۆی بۆ ھاوردەکردنی بەنزین ئاشکرا کردووە و دەڵێت، ئامادەیە بەنزین ھاوردەبکات بە بێ ئەوەی ھیچ باج و سەرانە و پارەیان لێ بسەندرێت بۆ کۆمپانیا حیزبییەکان و ڕێبدەن نرخی سوتەمەنی و بەنزین دابەزێت.

هەروەها نەوەی نوێ داوا لە دەسەڵات و پەرلەمانتارانی سەر بە دەسەڵات دەکات، بە نوسراوی فەرمی وەڵامی نەوەی نوێ بدەنەوە و رێبدەن ھەموو کۆمپانیاکان بێ ھیچ باج و سەرانە سەندنێک سوتەمەنی بھێننە ھەرێم.

دەشڵێت، چاوەڕێی وەڵامین بە نوسراوی فەرمی، نەک بە بڵاوکردنەوەی درۆی میدیایی و پۆستی فەیسبوکی پەرلەمانتارانی سەر بە دەسەڵات.

لە نوێترین لێدوانی حکومەتدا، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری  رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٤ ی تشرینی یەکەم، بڕی (٥٤٠) هەزار لیتر بەنزین دەگاتە وێستگەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان و لە دوو ڕۆژی ئاییندەشدا ئەو بڕە بۆ دوو بەرامبەر زیاد دەکرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، گرفتی سووتەمەنی تەنها بەرۆکی هەرێمی کوردستانی نەگرتووە، بەڵکو ئەم گرفتە رووبەرووی هەموو جیهان بۆتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش درێغی نەکردووە و هاووڵاتییانی دڵنیا دەکاتەوە هەموو هەوڵێکی داوە و بەردەوامە لە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.

راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە کە لیتری بەچەندە، هەر ئەمرۆش لە راگەیاندنێکی پێشووی حکومەتدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ھیچ مۆڵەتێکی نوێ بە ھیچ کەس و لایەنێک نەدراوە بەنزین بھێنێتە ھەرێمەوە.

دەشڵێت، ھێنانی بەنزین بە ھەمان میکانیزمی پێشووە و مۆڵەت بە کەسی تر نەدراوە.

 لە مانگی حوزەیران و تەموزدا نەوەی نوێ بۆ دوو مانگ توانی بەنزین دابین بکات بۆ هاوڵاتیان هەر لیترەی بە ٥٠٠ دینار، دوێنێش جارێکی تر سەرۆکەکەی ئەو چالنجەی کردو دەڵێت دەتوانین بە ٤٧٥ دینار بەنزین بگەیەنینە دەست هاوڵاتیان گەر یەکێتی و پارتی رێگا بدەن. 

ئەوە لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان نیگەرانییەکی زۆریان لەسەر نرخی بەنزین هەیە لە هەرێمی کوردستان و لیتری نۆرماڵ لە ٩٠٠ دینار و سوپەر و موحەسەن لەسەر هەزار دینارەوەیە، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەلآتی حکومەتی ناوەندی یەک لیتر بەنزین بە ٤٥٠ دینارە.




PM:02:03:24/10/2021