مەلا بەختیار: دۆخی ناو یەکێتی ناشەریفانە و پڕاوپڕە لە خۆپەرستی


ئەندامی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی، مەلا بەختیار دەڵێت " لەناو دۆخێکی ئاوای ناشەریفانە و پڕاوپڕ لە خۆپەرستی و مەزنخوازی ناڕەوادا، ململانێکانی یەکێتی لە بەرانبەر نەیارەکانیدا، بە بەرنامە، لەژێر پەردەی هاوسەنگی دروستکردن، ململانێکانیان لەناو یەکێتی چڕ کردەوە. بەچڕکردنەوەی ململانێکانی ناو یەکێتی، ئیتر ریزەکانی یەکێتی ناو یەکێتی، کۆتایی هات. بۆیە ئەبینین تەکەتولەکان بەئاشکرا ئیش ئەکەن. هێزی تایبەتی هەندێک لەسەرکردەکان بەهێزتر کراون. تەواوی ژیانی حزبایەتی پێشێل کرا، گەندەڵی و سەرانە سەندن و موڵکی حەرام دابەش کردن کەوتۆتە سەر وێردی هەموو زمانێک".

مەلا بەختیاری لە وتارێكدا بەناونیشانی "بەراوردێک لە نێوان ژەهرخواردکردنم و هەوڵی تیرۆرکردنم " کە دوێنێ ١ ی تشرینی دووەم نووسیوویەتی دەڵێت"  25/10/2005 ترسناکترین هەوڵی تیرۆرکردنم جێ بەجێ کرا، هەفتەیەک لەمەوبەر یادی ئەم هەوڵە بوو کە من بڕستی ئەوەم نەبوو بەهۆی چارەسەرەوە، بەراوردێکی تیرۆرکردنم لەسەر دەستی قاعیدە و ژەهرخواردکردنم لەسەر دەستی (هەڤاڵان!) بكەم".

لە درێژەی نووسینەکەیدا دەشلێت "مێژووی تیرۆرکردنەکانم هەمیشە لە لایەن فاشیستەکان و قاعیدەی ڕەشەکوژەوە، یان لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆوە بووە..، ئەو کاتە دەمانزانی بۆ هەوڵی تیرۆرکردنمان دەدرێت، چونکە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شۆڕشگێڕێتی و دیموکراسیدا بووین، دوور لە ئێستا، بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی لە پەیامە مێژووییەکەی بەهۆی زاڵبوونی بەرژەوەندی خۆپەرستی و دەستەگەریەوە، بەهۆی دەستخستنە ناو بازاڕ و بازرگانی ناشەرعیەوە، یەکێتی بەڕواڵەت ئەیویست هاوسەنگی بەدی بێنێت، بەڵام بەکردەوە لە دوای چوارەمین کۆنگرەوە، سەنگی پێش کۆنگرەشی لەدەست دا. لەم هەڵبژاردنەی عیراقدا 300 هەزار دەنگدەر، متمانیان لە یەکێتی سەندەوە".

مەلا بەختیار ئەوەش دەخاتەڕوو "چۆن ساڵانە یادی ژەهرخواردن لە ناوخۆماندا بکەینەوە؟ ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجام داوە، شەرم ئەکەن باسی بکەن. ئێمەش کە تاوانەکەمان بەرامبەر ئەنجام دراوە، لەبەر دابونەریتی کوردەواری و شکۆی مام جەلال، ئارام ، عەلی عەسکەری، شیهاب، دکتۆر خالد ، شێخ حسێنی یەزیدی، سەعدی گچکە، ڕەوف بەگ، ڕەسول مامەند ، سەید کەریم ، ملازم تایەر علی والی، تاد.... ناتوانین بەدڵی خۆمان باسیشی بکەین".

هەروەها نووسیویەتی "ئێستا بچمە سەر قەبری مام جەلال بڵێم چی؟ بچمە تەنگی سەر چی بەئارام بڵێم؟ بەشیهابی شێخ نوری بڵێم ئێوە کەم ژیان و کەڵ ژیان، بەڵام ئێمە زۆرتر ژیاین کەچی خەریکە بە (گوێدرێژی) سیاسی لەسەر هەڵوێستەکانمان لەناو ئەبرێین".

دەشڵێ "چی بە کاک کۆسرەت بڵێم ، کەی قەول و قەرار وابوو؟ کە بە ئەنجوومەنی باڵا ڕازی بووین بۆئەوەی کێشەکانی یەکێتی لەناو کۆنگرە قوڵتر نەبێت، کەچی هەوڵی لەناوبردنمان دەدرێت. قەت نەدەبوو ئەنجومەنی باڵا رێبدا یەکێتی بگاتە ئەم ڕۆژگارە نالەبارە. ئەگەر کێشەکانمان پێ چارەسەر نەکرایە، دەتوانرا وای بەسەرنەیەت. بەداخەوە خراپتریش بەڕێوەیە".

لەبارەی هێرۆ برایم ئەحمەدیشەوە دەڵێ "روو دەکەمە هێرۆ خانی میهرەبان و پێی دەڵێم میهرەبانیت زاڵ کرد بەسەر ژیانی حزبایەتیدا، بۆیە بەشێکی چواردەورت پاداشتێکی ناجومێرانەیان دایتەوە و لەپەنای خۆتا پیلانیان لێ ئەگێڕایت. هەرچی چۆنێک بووە بەشانازییەکانی خۆمان و شەرمەزارییەکانی بەرامبەرەکانمان ئێمە ماوین. ئەوانەی وایان ئەزانی لە دوای چوارەمین کۆنگرەوە تەواو پەراوێزیان خستبووین، تێگەیشتن یەکێتییە ڕەسەنەکان و تێکۆشەرە دێرینەکان و هەڤاڵانی دڵسۆزی یەکێتی، لە ویژدانی خۆیاندا ئەو پەراوێزخستنە ڕەت ئەکەنەوە و هاوکێشەکانی ناو یەکێتی ڕوو لە گۆڕانکاری بابەتی بوو، بۆیە چاریان نەما تەنها هەڵگەڕانەوە نەبێ بۆ ڕەگەزی فاشیانە. ئەویش لەناوبردنی جەستەییە. بەڵام ئەم پیلانە چ بەرامبەر بە خۆم و چ بەرامبەر هەڤاڵانی تر، لاپەڕە ڕەشەکانی ڕابردوو تاڕادەیەکی زۆر دادەخات".

ئەو نووسینە لە کاتێکدایە مەلا بەختیار لە ولآتی ئەڵمانیە بۆ چارەسەرکردنی وەک خۆی دەڵێت: ژەهرخواردن کردنی، هەروەها چەند نەخۆشیەکی تریشی هەیە.




AM:08:31:02/11/2021