مەسرور بارزانی داوای یاسایی لە ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی تۆمار دەکات

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەدژی عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی تۆمار دەکات.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە  " کەسێک بەناوی عەتاوی سەراوی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە شێوازێکی ناڕێک و ئاست نزم، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە".

لە روونکردنەوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی دا ئەوەش خراوەتەڕوو "هەرچەند ئەو کابرایە، خۆی ماوەیەک لە مەوبەر بە ئاشکرا ڕایگەیاند، کە لە لایەن هاوسەرۆکێکی پێشووی یەکێتی، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حیزبەکەی، لە بیر خەڵک بباتەوە".

نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە کۆتاییدا دەلێت "بۆیە لە بەرامبەر تۆمەتە بێ بنەماکانی، ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر و دەبێ لە بەردەم دادگادا، باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات".



PM:06:57:03/11/2021