ئاڵا تاڵەبانى لەسەر دورخستنەوەى ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ئاڵا تاڵەبانى لەسەر دورخستنەوەى ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هیچ كات ملكەچی ئیرادەی بە زۆر خۆسەپاندن نابم، بەشەرعیەتی كۆنگرە یەكێتیم".

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی دوخراوەی یەكێتی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوو جار لە کەرکوک لە لایەن حیزبی بەعسەوه سزای سیاسی دراوم لەبەر بیر و بۆچوونی سیاسیم، کە ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان/کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان بووم". 

ئاماژەی بەوەشکردووە: هەرچۆن ئەو دوو سزایە چوونە دەفتەر سەروەریەکانمانەوە ئێستاش ئەم سزایە هەر وەک ئەوانەی تر دەچێتە دەفتەری سەربەرزی و سەروەریەکانمانەوە، چونکە هیچ کات مل کە چی ئيرادەی به زۆر خۆسەپاندن و زوڵم و ناعەدالەتی نابمەوە. 

ئەوەشی خستۆتەڕوو: یەکێتیم بە شەرعیەتی کۆنگرە و سەربەرزم لەگەڵ هەڤاڵەکانم. 

دوێنێ سێشەممە میدیاکانی نزیک لە یەکێتی بڵاویانکردەوە، هەریەک لە (ئاراس شێخ جەنگی، ژینۆ محەمەد، ئاڵا تاڵەبانی و شادمانی مەلا حەسەن) كە سەرجەمیان نزیكن لە لاهور شێخ جەنگی لە ڕێزەکانی نێو یەکێتی دورخرانەوە. 

PM:09:57:03/11/2021