حکومەتی عیراق پارە بۆ کۆچبەرانی بیلارووسیا تەرخان دەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، ٢٠٠ هەزار دۆلار تەرخانبکات بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی گیریانخواردووە لە سنورەکانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا و لیتوانیا.

ئەمڕۆ سێشممە ٩ی تشرینی دووەم،  ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی کۆبونەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد، کە تێیدا هاتووە " دەبێت بڕی ٢٠٠ هەزار دۆلار کە دەکاتە ٣٠٠ ملیۆن دینار بۆ وەزارەتی دەرەوە تەرخانبکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەو بڕە پارەیە وەکو یەدەگی فریاگوزاری بۆ ئەو کۆچبەرانە تەرخاندەکرێت کە گیریانخواردووە لە سنورەکانی بیلاروسیا و پۆڵەندا و لیتوانیا و خەرجی گەڕانەوەیان بێبەرامبەر دەبێت، ئەگەر خۆیان بەشێوەیەکی ئارەزوو مەندانە بیانەوێت بگەڕێنەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، خراپی و نالەباری ژیانی هاوڵاتیان و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوری و نەبوونی ھەلی کار و خزمەتگوزاریە سەرەتایەکان وای کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی و گەنجانی کورد ڕوویان لە وڵاتی بیلاڕوسیا کردووە بە ئامانجی ئەوەی بگەنە وڵاتانی ئەوروپا.



PM:08:35:09/11/2021