"سیستەمی هاوسەرۆکی یەکێتی کۆتایی هات"

ئەندامیێکی  مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند "سیستەمی هاوسەرۆکی لەنێو یەکێتی بەسەرچووە، دەشڵێت، جارێکی دیکە ئەو سیستەمە ناگەڕێتەوە و یەکێتیی یەک سەرۆکی دەبێت".

 

ئەمڕۆ ١٤ی تشرینی دووە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی ، بۆ تەلەفزیۆنی ڕووداو،  باسی لەوەکرد "یەکێتی لەو ماوەیەدا، لە ئەنجامی ئەو ناکۆکییانەی هەیە نسکۆی زۆری تووشبووە، دیارە ئەو کێشانەی تووشی یەکێتی بووە پێویستی بە وەستان و لێکۆڵینەوە هەیە، ئەو کێشانە بە پلنیۆم و کۆنگرە چارەسەر نابن، بەڵکو بەرنامەیەکی باش هاوتەریب لەگەڵ ئەو چاکسازییانەی کە لە هەرێم دەکرێن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەن". 

وتیشی "سەرکردایەتی پێشوو هەڵەی کرد لە بەستنی کۆنگرە و دەکرا کۆنگرە دوا بخرێت، هەروەها هەڵەی دووەممان ئەوەبوو کە ژمارەی سەرکردایەتیمان یەکجار زۆر کرد، ورد نەبووین لە شێوەی بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە".

باسی لەوەشکرد، "سیستمی هاوسەرۆکی یەکێکی دیکە بوو لە هەڵەکان، لە سەرەتاوە زۆربەمان باسی ئەوەمان کرد کە سیستەمی هاوسەرۆکی بەو شێوەیە نابێت، ئێستاش سیستەمی هاوسەرۆکی لەنێو یەکێتی بەسەرچوو جارێکی دیکە ئەو سیستەمە ناگەڕێتەوە". 

 

 ناوبراو وتیشی " یەک بەرپرسی یەکەمی یەکێتیی نیشتمانی دەبێت، جا ناونیشانەکەی چی دەبێت، ئایا ئەو سەرکردایەتییە دەتوانێت ئەو ناونیشانە بگۆڕێت یان ناونیشانێکی دیکەی بۆ دادەنێت، بەڵام یەک سەرۆکی دەبێت". 



PM:05:32:14/11/2021