ئەو ئاڵایەی خۆپیشاندانی خوێندکارانی پێ تۆمەتبار دەکرێت
(سپی) نوێترین وێنە و چیرۆکە راستەقینەکەی بڵاودەکاتەوە

ئەمڕۆ چوار شەممە، پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم یەکێک لە تەوەری کۆبوونەوەکانیان گفتوگۆکردن بوو لەسەر سووکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان لە خۆپیشاندانی خوێندکاران لە سلێمانی و وێنەیەکیان کردووە بنەمای ئەو گفتوگۆییەیان، بەلآم ئەو پرسە هیچ ئەساسێکی نییەو ماڵپەڕی " سپی " وێنەیەکی تری ئەو ئاڵایە بڵاودەکاتەوەو، چیرۆکی راستەقینەی ئەو ئاڵایە لەلایەن هونەرمەند، بەرهەم کاکە زاڵەوە ئاشکرا دەکرێت.

ماڵپەڕی " سپی " پەیوەندیکرد بە هونەرمەندی ناسراو، بەرهەم کاکە زاڵەوە بۆ ئاشکراکردنی راستی ئەو وێنەیە، ئەو لەلای خۆیەوە رایگەیاند " ئەو وێنەیە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ١٠ شوباتی ٢٠٢٠ ئەو دەمە کە لەبەرامبەر زانکۆی ئەمەریکی ئاڵاکە کەوتبووە زەوی و من و چەند هاوڕێیەکم خەریکی هەڵگرتنەوەی بووین".

لە درێژەی قسەکانیدا، بەرهەم کاکە زاڵی هونەرمەند وتی" ئەو دوو کەسەی لە وێنەکەدا دەردەکەون، یەکێکیان ناوی ئەردەڵانەو هاوڕێمەو دەمێکە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژی، ئەوی تریشیان ناوی هەندرێنەو لەم ماوەیەی دوایدا گەیشتۆتە بەریتانیا، هەردووکیان یارمەتیم دەدەن تا ئاڵەکە دووربخەینەوەو هەڵیگرینەوە".

ئەو هونەرمەندە وتیشی " ئەم وێنەیە کە دوێنێ سێ شەممە بڵاوکرایەوەو لە میدیا و سۆشیال میدیاکاندا و زۆری لەسەر وترا کە لە وێنەکەدا من و هاوڕێکانیشم دەردەکەوین، بەس من لە کوردستان ماوم، منیش دوێنێ لە ڤیستڤاڵی فلم بووم لە دەرەوەی سلێمانی، ئیتر چۆن ئەم وێنەیە گیراوە دوانمان لەدەرەوەی وڵاتن و منیش لە دەرەوەی سلێمانی بووم".

بەرهەم کاکە زاڵ کە وێنەیەکی نوێی رۆژی ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٠ ی بەتایبەتی نارد بۆ ماڵپەڕی " سپی "، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو وێنەیەی ئەو هەموو دەنگە دەنگەی لەسەر کراوە کۆنەو هیچ پەیوەندی بە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆوە نییە.

لە دوێنێوە میدیا و سۆشیال میدیا و دەزگا حکومییەکان و تا ئەمڕۆ کە گەیشتە ترۆپکی دەسەڵاتی هەرێم، پەرلەمان و حکومەت هەڵوێستیان لەسەر سووکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان لەلایەن خۆێندکارانی خۆپیشاندەرەوە نیشانداو، ئەو دەزگا باڵایەنەی هەرێم پیداگریان دەکرد لەسەر سزادانی ئەو چەند کەسەی کە سووکایەتییان بە ئاڵای کوردستان کردووە.
 
   

PM:10:23:24/11/2021