"سەرکردایەتی یەکێتی هاوڕان لەسەر بەکارنەهێنانی هێز لە کێشە ناوخۆییەکاندا"

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" سیستەمی هاوسەرۆکی بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی گونجاو نیە، دەبێت سیستەمێک پەیڕەو بکرێت لەگەڵ واقیعی ئێستای حیزبەکەی بگونجێت". جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، کە سەرکردایەتی یەکێتی هاوڕان لەسەر بەکارنەهێنانی هێز لە کێشە ناوخۆییەکاندا.

پۆڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە لێدوانێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" سەرکردایەتی یەکێتی لە هەوڵدایە، کێشەکان بە گفتووگۆ چارەسەر بکات، هاوکات لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و گفتووگۆ". 

سەرکردەکەی یەکێتی ڕوونیشیکردەوە، هەندێکجار ڕووداوەکان سەردەکێشن بۆ دۆخی نەخوازراو، لە کاتێکدا ئەو دۆخە نەخوازراوە خواستی هیچ سەرکردەیەکی یەکێتی لەسەر نیە بە هاوسەرۆکیشەوە، بەڵام هیچ کەسێک لەگەڵ ئەوەنیە کێشەکان بەهێز چارەسەر بکرێن، هەمووی لەگەڵ دیالۆگ و گفتووگۆدایە.

دەربارەی سیستەمی هاوسەرۆکی پۆڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی زۆر لە ناوخۆی یەکێتی پێیانوایە سستمی هاوسەرۆکی گونجاو نیە، لەگەڵ ئەوەن شتێکی گونجاو بدۆزرێتەوە کە لەگەڵ واقیعی یەکێتی بگونجێت.

لەبارەی لێکەوتنەوەی قوربانی لە کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی، باسی لەوەکرد، بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش ڕوونبوو، بڕیاڕی دەستگیرکردنی هەبووە و خۆی ڕادەست نەکردووە، لە ئەنجامدا ئەو دۆخە ڕوویداوە.

ئێوارەی ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە عەمید موراد کانی کوردەیی فەرماندەی سەربازی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لە ڕانیە کوژرا و دواتر میدیای یەکێتی هۆکاری کوشتنەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە، گوایە داواکراو بووە و ڕووبەڕووی هێزە ئەمنیەکان بووەتەوە، دوێنێ هەینیش لاهور جەنگی لە وتارێکدا ڕایگەیاند" بەرنامەی تیرۆر بووەتە ئەجێندای یەکێتی نوێ، ڕۆژانە کادیرە سەربازی و سیاسیەکان دەستگیردەکات و تیرۆر دەکات". 


PM:06:47:27/11/2021