دەربارەی دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاری سلێمانی ڕوونكردنەوە دەدرێت

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەربارەی کاری ئەنجومەنەکەیان لەسەر خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری سلێمانی و دەستلەکارکێشانەوەی هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێی یاسای ژمارە (٣) کارەکانی دەکات، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە قسەمان نەبێت لەسەر بابەتەکانی تر لەسەر ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر خوێندکاران کراون"، ئاشکراشیکرد، کە پارێزگاری سلێمانی دەستلەكارناكێشێتەوە.

لەمبارەیەوە بەرزان شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە" ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێی یاسای ژمارە سێ کارەکانی دەکات، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە قسەمان نەبێت لەسەر بابەتەکانی تر لەسەر ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر خوێندکاران کراون، بەڵام لەم وڵاتەدا کە ئەم حاڵەتە دێتەوە پێشەوە لەبەرئەوەی ئەجێندای خەڵکی تر زۆرە بۆیە کە ئەم بابەتانە ڕوودەدەن هەرچەندە ڕەوایەتیش لە داواکارییەکاندا هەبێت ئەوا بەشێوەیەکی تر دەڕوات ئەمە یەکەمجار نیە، کە هاوڵاتی هاتبێتە سەر شەقام و داوای مافی ڕەوای خۆی کردبێت بەڵام مامەڵەی نەخوازراوی تێکەوتووە، ئێمە لیژنەی ناوخۆی ئەنجومەنمان ڕاسپاردووە چەند خاڵێکی داوەتە ئێمە، ئێمەش لەڕێگای سەرۆکایەتی ئەنجومەنەوە گەیاندومانەتە کاری پێویست". 

سەبارەت بە ژمارەی ئەو خوێندکارانەی دەستگیرکراون بەهۆی خۆپیشاندانەکانی سلێمانیەوە؟ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت" یەکەم ڕۆژ ئێمە زانیاریمان هەبوو کە (٢١١) کەس دەستگیرکرابوون، چالاکوان و پارێزەریشی تێدایە و تائێستا ئازاد نەکراون، بەڵام وەک داتایەکی تەواو، ژمارەمان لانیە چەند کەس دەستگیرکراون، تا ئێستاش لیژنەی ناوخۆ لە لێکۆڵینەوەن و ئەنجامێکی تەواومان پێنەگەیشتووە لە لایەن ئەو لیژنەوە، بەڵام توندوتیژییەکان هەندێک لە لایەن هێزی ئەمنیە هەندێکی لەلایەن خۆپیشاندەر بووە، بۆ ئێمە هەردوکیان هاوڵاتین و جیاوازییان نیە بۆمان". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕابردوودا ئەنجومەنی پارێزگا نەیتوانیوە ڕۆڵێكی وای هەبێت لەو بابەتانەدا، تەنها ئەگەر لێدوانێك لە ئەندامان یان سەرۆكایەتی هەبووە كە پشتگیری داوای خەڵكمان كردووە هەروەك چۆن ئەمجارە پشتگیری داوای خوێندكاران دەكەین، هەموو ئەو پاساو و پۆزشانەی دەهێنرێتەوە بۆ ئەوەی پارە نەدەنە خوێندكاران ئێمە بە ناڕەوای دەبینین و پشتگیری داوای خوێندكاران دەكەین.

دەربارەی پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوە لە لایەن پارێزگاری سلێمانی بەهۆی توندوتیژییەکانی ئەم دوایەی سلێمانی؟ بەرزان شێخ محەمەد کە لەهەمان حیزبەکەی پارێزگای سلێمانیە وتی" من بە فەرمی کەس پێی ڕانەگەیاندووم هەروەها خۆم داوام نەکردووە، بەڵام مێژووەکەی کە باسی دەکەن کە چوار ساڵە، بەڵام خۆی پێویستە ئەگەر ئەو دەستلەکاردەکێشێتەوە لەبەر ئەوەی لە ڕێگای ئەنجومەنی پارێزگاوە دەبێت دەسلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ بکرێت بۆیە دەبێت سەرەتا نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بنێرێت بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، بۆیە تا ئێستا نە نامەی بۆ ئەنجومەن ناردووە وە بە شەخسیش بەوپێیەی هەردووکمان لە یەک حیزبین پرسیارمان لێکردووە لەوبارەیەوە دەڵێت، بابەتی وا ڕاست نیە (پێشکەشکردنی نامەی دەسلەکاکێشانەوە)".


AM:10:31:01/12/2021