سەرۆکی حکومەت لەگەڵ نوێنەری پۆتین کۆبوەوە


ئەمڕۆ چوارشەممە ١ ی کانوونی یەکەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ڕووسی بە سەرۆکایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە کردو لەسەر پرسی کورد لە نێویشیاندا ئەو پرسە لە رۆژئاوای کوردستان کرا.

وەک میدیای حکومەت رایگەیاند "لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا تاووتوێ کرا".

 لە راگەیاندنەکەدا سەرۆکی حکومەت جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە پێویستە بیروبۆچوونەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەربارەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی و ناوچەکە لە بەرچاو بگیرێت.

سەرۆکی حکومەت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕووسیا لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی، بەتایبەتی فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە بارودۆخی سوریا و پرسی کورد لە ناوچەکەدا کرا، سەرۆکی حکومەت، جەختی لە گرنگیی هەبوونی نەخشەڕێگەیەکی سیاسیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سوریا کردەوە کە دووربێت لە تاکڕەوی و خۆسەپێنی و نوێنەرایەتیی هەموو لایەنە کوردییەکانی سوریا بکات .



PM:08:21:01/12/2021