لەبارەی بڵاوکردنەوەی کڕینی خانوویەکەوە بە ١٨ ملیۆن دۆلار، حکومەت پەرلەمانتارێک تۆمەتبار دەکات


میدیایەکی ئەمەریکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی تۆمەتبار کرد بە کڕین خانوویەک لە ئەمەریکا بە ١٨ ملیۆن دۆلار، میدیای حکومەتی هەرێم بەبێ ناو هێنان، پەرلەمانتارێکی خوولی پێشوو تۆمەتبار دەکات کە لەپشت بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتەوە بێت.

لە روونکردنەوەکەی وتەبێژی حکومەتدا ئاماژە بۆ ئەوە نەکراوە کە حکومەت چی رێوشوێنێک دژی ئەو میدیایەی ئەمەریکا و رۆژنامەنووسەکە دەگرێتەبەر، لە کاتێکدا کە لە کوردستان بوایە رەنگە حکومەت رێوشوێنی لەو جۆرەیەی بگرتایەتەبەر.


دەقی روونکردنەوەکەی وتەبێژی حکومەت
ڕوونکردنەوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

چەند ڕۆژێکە هەندێک سایت و پەیجی سۆشیال میدیا، بابەتی کەسێکی ئەمەریکی بڵاودەکەنەوە کە ڕاپۆرتێکی بێ بنەمایە لە سەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان . ئەم بابەتە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکی بۆ نییە، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە بخەینەڕوو:

نووسەری ڕاپۆرتەکە بۆ هەڵبەستنی درۆیەکانی پشتی بە کۆنتراکتێک بەستووە، کە گوایە واژوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەم واژویە هیچ پەیوەندییەکی بە سەرۆکی حکومەتەوە نیە.
دوای بەدواداچوونمان، دەرکەوت نووسەری ڕاپۆرتەکە، پەیوەندی لە گەڵ خێزانی پەرلەمانتارێکی کوردی پێشووی عێراقەوە هەیە کە هاووڵاتی ئەمەریکییە و بە هەڵوێستەکانی دژ بە خەڵکی کوردستان ناسراوە و بە هۆی کردەوە و هەڵوێستی خۆفرۆشانەی، لە لایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانەوە، سزا درا و لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی پێ نەدرا و ڕیسوا کرا. 
دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم بابەتە، هەڵبەستراوە و بەشێکە لەو هەڵمەتە چەواشەکارییەی، کە دژی  چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکومەت دەکرێت. 

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
9ی دیسەمبەری 2021



PM:05:44:09/12/2021