وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا ٨٠ هەزار مامۆستا لە هەرێم ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرگرتووە.
ئالان حەمە سەعید، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی،" پێدانی ڤاکسین بە مامۆستایان بەردەوامە و ئەوانەی ژەمی یەکەم و دووەمیان وەرگرتووە نزیکەی ٨٠ هەزار مامۆستان، بێگومان ئەوەی دەشکرێت بۆ پاراستنی مامۆستایە، ئەگەر مەترسیی کۆرۆنا نەبێت، بۆ داوا لە مامۆستایان دەکەین ڤاکسین دانێن، بۆیە مەبەستی ئێمە سەلامەتیی گیانی مامۆستایە و ئەوانەی تا یەکی ١٢ ڤاکسینیان دانەنابێت، ئاگادار دەکرێنەوە و دواتریش بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".
دەربارەی ئەو بابەتەی چەند رۆژێکە باسی لێوە دەکرێت کە لە پەرتووکێکی زمانی کوردی ھەیە، وەزیر وتی " ئەوە لە زمانی کوردی خۆی ھەبوو و بەشێکە لە نووسینێک کە لاوکێکە چەندین ساڵە لەناو پرۆگرامەکان ھەبووە، نازانم بۆ ئێستا ورووژێندراوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە ھەیە و لەو کاتەوە ساڵانە ئەو پەرتووکە چاپ کراوە، ئێمە لە مانگی سێی ئەمساڵ بڕیارمان داوە پێداچوونەوە بە ھەموو پرۆگرامەکانی خوێندن بکەین و زیاتر لە ھەزار و ٣٠٠ ناونیشانمان لە وەزارەتی پەروەردە ھەیە، لە باخچەی ساوایان تا دەگاتە ١٢ی ئامادەیی بە ھەموو بەشەکانیەوە و بە پەیمانگاکانیشەوە، کە پێداچوونەوەی پێویستە لە پلەبەندی و زانستی و لە مانگی سێ فەرمانی دروستکردنی لیژنەکان دراوە بۆ پێداچوونەوە بەچەندین بابەت.
ئالان حەمە سەعید ئاماژەشی دا، لە ٢٧/١٠ لیژنە لە ھەموو پارێزگاکان لەسەر پەرتووکی کوردی پۆلی ١٠ دانیشتوون و لەوێ بڕیاریان داوە ئەوەی پێویستی بە پێداچوونەوە ھەبێت بکرێت، پێداچوونەوەکە کراوە و بەشی رێزمانیشی تەواو بووە و تەنھا بەشێکی کەمی ماوە، بۆ ئەوەی ساڵی داھاتوو پەرتووکێکی نوێ لە پۆلی ١٠ بخوێندرێت، ئەوەی جێی سەرنج بوو بۆ ئێستا ئەو بابەتە باس کرا، کە ئەوەش تەفسیری زۆر ھەڵدەگرێت.