دیدارێک لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی گرێدەدرێت

بە میوانداری ئەمەریکییەکان شەوی ٢٠ ی کانوونی یەکەم لە سلێمانی لە گردی ( رعایە ) لە بۆنەیەکدا کە ئەمەریکییەکان رێکیان خستبوو، دیدارێک لە نێوان بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و لاهور جەنگی هاوسەرۆکی دەسەڵات لێسەندراوەی ئەو حیزبە ساز کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " لەو دایدارەدا بافڵ تاڵەبانی بە لاهور جەنگی راگەیاندووە کە ئەو ئێستا لە دەرەوەی یەکێتییەو، دەتوانێت هێزی سیاسی مەدەنی و بێ چەکدار دروستبکات.

هەروەها پێشڕاگەیاندووە هەر حیزبێکی سیاسی دروستبکات، دەبێت وەک حیزبەکانی دی رێکارە یاساییەکان بگرێتەوە بەرو، نابێت چەکداری هەبێت و بارەگاکەشی پێویستە لەلایەن هێزەکانی ناوخۆوە بپارێزرێت.

دوای ئەو دیدارە کە ئەمەریکییەکان رێکیان خستووەو چەند بەرپرسێکی کەمی کوردیش بەشداریان کردووە، بافڵ تاڵەبانی سەردانی ماڵی لاهور جەنگی لە گردی سەرچنار کردووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە ئەو سەردانەی بافڵ تاڵەبانیش وەک باس دەکرێت لەو چوارچێوەیەی دوای ٨ ی تەمووزەوەیە تا ئەمڕۆ کە بافڵ تاڵەبانی خۆی بەسەرکەوتوو و براوە دەزانێت.

مانگی رابردووش لە سلێمانی لە گردی " رعایە " بە میوانداری ئەمەریکییەکان دیدارێک لە شێوەی میوانداری بۆ بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی رێکخرابوو.    



PM:09:17:22/12/2021