سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان نهێنی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێران ئاشکرا دەکات

سكرتێری گشتی حیزبی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت" تا ئێستا سێ دانیشتنمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەبووە بەڵام دانیشتنەكان هیچ ئەنجامێكیان نەبووە"، ئاماژەی بەوەشدەدات، بەهۆی پەرتەوازەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییەوە، بەرپرسانی رۆژئاوا گوێ لە قسەكانمان ناگرن.

خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند" بەو پێیەی کە پرس و کێشەکانی ئێران لە ئاستێکی نێونەتەوەیدا کورت کراوەتەوە بۆ پرسی ناوکی، هەر بۆیەش من ئەم سەردانەم بۆ واشنتن ئەنجامداوە تا ئەو پەیامانە لە ڕێگای دامەزراوە حکومی و سەربەخۆکانەوە بە بەرپرسانی ئەمەریکا ڕابگەیەنم کە کێشەی ئێران تەنیا ڕێککەوتنی ناوکی نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی ئێران نەبوونی دیموکراسی، هەژاری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە". 

عەزیزی وتیشی" ئێمە لە ڕێگای هەندێ دامەزراوەی نزیک لە بەڕێوبەرایەتی ئێستای ئەمەریکا، ئەو پەیامەمان بە بەرپرسانی ئەمەریکا گەیاندوە کە گەر لە ڕێککەوتنی ناوکیشدا لەگەڵ ئێران ڕێبکەون، ئەوا هیچ لە کێشەکان کەم ناکاتەوە و ئێران وەک فاکتەرێکی جدی ئاسایشی لە ئاستی جیهانیدا دەمێنێتەوە". 

خالید عەزیزی سەبارەت بەوەی کە ئایا بەرپرسانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچ گرنگییەک دەدەن بە داخوازی و قسەکانی ناوبراو، وتی" بەداخەوە زۆر گوێ لە قسەکانمان ناگرن و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازە بوون و یەکنەگرتنی دەژبەران و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە تاکو ئێستا هیچ بە دیل و ئاڵترناتیڤێکمان ڕێکنەخستوە بۆ جێگرتنەوەی کۆماری ئیسلامی و هەر ئەمەش وایکردوە کە زلهێزە جیهانییەکان زۆر گرنگی بە قسەی ئۆپوزیسیۆن نەدەن.

عەزیزی ئاماژەشی بەوە کرد، لە ئێستادا هەوڵەکانیان چڕ کردۆتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا یەکبگرنەوە و ببنەوە بە یەک حیزب و پێکەوە چالاکی بکەن، تاوەکو ئێستا هەوڵەکانمان لەو ڕوەوە سەرکەوتوو بووە و ئەندامانی سەرکردایەتی و دەستەی وتووێژەکان بۆ یەکگرتنەوە لە پەیوەندییەکی باشدان و نزیک بووینەتەوە لە یەکگرتنەوە.

سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکتردا سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی سیخوڕەکانی ئێران بە هەرێمی کوردستان دەڵێت" ئیمە وەک ڕێزێک بۆ سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێڕاق، ئەو دوو سیخوڕەمان ڕادەستی سیستمی دادی هەرێم کردەوە و ویستومانە لەو ڕێگایەوە بە حکومەتی عێراق بڵێن کۆماری ئیسلامی سەروەری خاکی ئێوەی پێشێلکردوە و لە ناو خاکی ئێوەدا تاوانی ئەنجامداوە". 

لە بارەی وتووێژکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی باسی لەوەکرد، ئێمە تاکو ئێستا سێ جار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ئاستی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی سوپای پاسداران دانیشتمان هەبووە سەبارەت بە چارەسەری کیشەی کورد لە ناو ئێراندا بە شێوەیەکی ئاشتیانە، ئەو گوتیشی بەڵام شووناسی کۆماری ئێسلامی ئێران ڕوونە، ئێمە لەو کۆبوونەوانەدا ڕامانگەیاندوە کە بە مەرجێک وتووێژ دەکەین کە کۆماری ئیسلامی دان بە پرسی کوردا بنێت و قبووڵی ئەوە بکات کە دەیەوێت پرسی کورد لە ڕێگای ناوەندی هاوکاری حیزبەکانەوە چارەسەر بکات. عەزیزی گوتی ئێران بێگۆمان ئەوەی قبووڵ نەکردوە و هەر بۆیەش دیدارەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.

سەبارەت بە ڕۆلی ژنان لە سەرکردایەتی حیزبەکەیدا، عەزیزی وتی" کە ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە سەرکردایەتی حیزبەکەیدا بەرچاوترە لە جاران و لە بارەی چالاکی مەدەنییەوە گوتی فەلسەفەی بوونی حیزبی دیموکراتی کوردستان، چالاکی مەدەنی بووە، نەوەک چەکداری و هەر بۆیەش حیزبەکەی پشتیوانی لە چالاکییە مەدەنییەکانی نێو کوردستان دەکات". 


PM:02:20:24/12/2021