سۆران.. ژمارەیەک نۆرینگە و دەرمانخانە داخران

بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵکردنی جۆری دەرمان رایدەگەیەنێت" بەهۆی سەرپێچیکردنەوە ژمارەیەک نۆرینگە و دەرمانخانە لە سنووری قەزای سۆران داخران". 

بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان (KMCA) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لە درێژەی گەڕان و بە دواداچوونە مەیدانییەکانماندا بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەری لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان و لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای سۆران، توانیمان (١١) نۆرینگە و دوو دەرمانخانە بەهۆی سەرپێچیکردنەوە دابخەین".

ئەوەشی خستەڕوو، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ھەمیشە بە گیانی پیشەیی و زانستییەوە لە ھەڵمەت و بەدواداچوونەکان بەردەوام دەبێت لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان لە رێگەی لیژنە تایبەتەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتن و قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە دەرمانی نایاسای و قاچاخ و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان لە نۆرینگە و دەرمانخانە و کۆگاکانیان، لە پێناوی دەستەبەرکردنی باشترین کواڵێتی دەرمان بۆ ھاونیشتیمانیان. 


PM:10:35:03/01/2022