مەزڵوم کوبانی: کۆنتڕۆڵی تەواوی بەندیخانەی حەسەکەمان کردووە

فەرماندەی گشتی هەسەدە بڵاویکردەوە، داعش زۆربەی شانە خەوتووەکانی کۆکردۆتەوە بۆ هێرشکردنە سەر زیندانی حەسەکە و ڕایگەیاند، "هێزەکانمان بە هاوکاری هاوپەیمانان وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و زۆربەی هەڵهاتووەکانی داعشمان دەستگیرکردەوە".

ئەمڕۆ ١٢ی کانوونی دووەم، مەزڵوم کوبانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتی  هەسەدە لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت " داعش زۆربەی شانە نهێنییەکانی خۆی کۆکردۆتەوە و هەوڵی ڕفاندنی زیندانییانداوە لە ڕێگەی تەقینەوە خۆکوژییەکان و دەرکردنی دەستگیرکراوەکانیان لە ناو زیندانی حەسەکە".

مەزڵوم کوبانی وتیشی "هێزە ئەمنییەکانمان بە هاوکاری هاوپەیمانان وەڵامی ئەو هێرشەیان دایەوە و گەمارۆی دەوروبەری زیندانەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکرا و زۆربەی هەڵاتووەکان دەستگیرکران"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە،  جارێکی تر دەڵێین: شەڕی ئێمە لە دژی داعش بەردەوامە ئێمە ناوەستین هەتا هەموو ئەندامانیان دەستگیر دەکەین.

دوێنێ شەو چەکدارانی داعش لە رێگای سێ ئۆتۆمبیلی خۆکوژەوە پەلاماری زیندانی غویرانانیان لە حەسەکەدا کە نزیکەی ٣٥٠٠ ئەندامی دەسگیرکراوی ئەو رێکخراوەی تێدا زیندانبوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە زیندانیەکان هەڵهاتن و لە هەردوولا نزیکەی ٤٠ کەس کوژران.

تا ئێستا ئاماری تەواوی زیندانە هەڵهاتووەکان و قوربانییەکانی هەسەدەو کوژراوەکانی داعش نەزانراوە.  



PM:11:27:21/01/2022