یەكێتی بڕیاریدا بەرهەم ساڵح كاندیدی حیزبەكەیان بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق( نوێکراوەتەوە )

ئەمڕۆ ٢٣ ی کانوونی دووەم سەرکردایەتی یەکێتی سەرباری هەندێک تێبینی لەسەر ئەدای بەرهەم ساڵح، بڕیارندا بەرهەم ساڵح تاکە کاندیدی یەکێتی بێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

ئەمڕۆ لە سلێمانی سەرکردایەتی یەکێتی دوای هەشت مانگ لە سازنەدانی کۆبوونەوە بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو حیزبەوە، ئەمڕۆ لەسەر پرسی کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کۆبوونەوە لەو کۆبوونەوەیەدا لە کۆی ١٢٤ ئەندامی سەرکردایەتی نزیکەی ١٠٨ ئەندام بەشداربوون، ئەوانەی بەشداری کۆبوونەوەکە نەبوون چوار دەرکراوەکە بە لاهور جەنگیشەوە، هەروەها بەرهەم ساڵح و ئەندامێکی سەرکردایەتی کە کۆچی دوایی کردووەو، چەند ئەندامێکی تر کە مۆڵەتیان هەبووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە دانانەوەی بەرهەم ساڵح وەک کاندید بۆ ئەو پۆستە، زیاتر لە چوارچێوەی شەڕی ئیرادە، لەگەڵ پارتی تەماشاکراوە، جگە لەوەی یەکێتی وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات کە ئەم پرسە پەیوەندیشی بە تێڕوانینیی ئایندەی ئەو حیزبەوە هەیە بۆ چۆنێتی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و کوردستاندا.

هەرچەندە لە نێو کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکێتی چەند ئەندام سەرکردایەتییەک تێبینیان هەبووە لەسەر ئەدای بەرهەم ساڵح، بەلآم بڕیاریش دراوە لەسەر ئەدای ماوەی رابردووی لەو پۆستەدا قسەی لەگەڵ بکرێت.

یەکێتی پێیوایە رێککەوتنی  نێوان سەدر و بارزانی و حەلبوسی، کارکردنە بۆ پەراوێزخستنی لایەنەکانی تری کوردستان و لە پێشیشیانەوە یەکێتی، لەو رێککەوتنەدا سەدر وەک مەرجەعی شیعە تەماشا دەکرێت و بارزانیش وەک مەرجەعی کورد و حەلبوسیش وەک مەرجەعی سونە کە ئەمە لەلایەن یەکێتی یەوە رەتدەکرێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند کە یەکێتی سەرباری ئەوەی بەرنامەی هاوبەشی هەبووە لەگەڵ پارتی دەربارەی مافەکانی کورد لە بەغدا و وەفدی هاوبەشیشیان هەبووەو لە بەغدا و لەگەڵ لایەنەکاندا کۆبوونەتەوە، بەلآم درەنگانێکی شەوی پێش یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پارتی بە یەکێتی راگەیاندووە کە رێککەوتنی سێ قۆڵیان لەگەڵ سەدر و حەلوبسیدا هەیەو، داوایان لە یەکێتی کردووە کە بەشداری ئەو رێککەوتنە بکات و، لەلایەن یەکێتیشەوە رەتکراوەتەوە، ئەوە بوو کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تێدا هەڵبژێردرا، ئەو حیزبە بایکۆتی کرد.
  
بڕیارە یەکێتی لەو بارەیەوە راگەیاندنێک بڵاوبکاتەوە.



PM:07:24:23/01/2022