قائیمقامیەتی سلێمانی
رەتی دەکاتەوە باخی گشتی سلێمانی بکرێتە پڕۆژەی بازرگانی، ڕایدەگەیەنێت " بەھیچ شێوەیەک
ھیچ ھەوڵێک لەم رووە لە ئارادا نییەو رێگەش بەوەنادرێت ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی
شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت".
دەقی ڕوونکردنەوەکەی
قائیمقامییەت بەمشێوەیە هاتووە:
روونکردنەوەیەک بۆ رای
گشتی لە بارەی باخی گشتی سلێمانی
ھاوڵاتیانی شاری ھەڵمەت
و قوربانی و دڵسۆزان و خەمخۆرانی پایتەختی رۆشنبیری
قائیمقامیەتی سلێمانی
بەتوندی دەنگۆی کردنی باخی گشتی سلێمانی بە پڕۆژەی بازرگانی رەتی دەکاتەوە و ھەموو
لایەک دڵنیادەکاتەوە بەھیچ شێوەیەک ھیچ ھەوڵێک لەم رووە لە ئارادا نییەو رێگەش بەوەنادرێت
ئەم شوێنە گرنگ و مێژوویەی شار بکرێتە ئامانج یان زیانی پێ بگەیەندێت، بەنیگەرانیشەوە
لە ھەموو ئەو دەنگۆیانە دەڕوانین.
باخی گشتی سلێمانی کە
لە ساڵی 1937 دروست کراوە دێرینترین و گرنگترین باخەکانی ئەم شارەیە ، بەشێکی گرێدراوە
لەگەڵ مێژووی شارستانی سلێمانی و یادەوەری خەڵکەکەی، لەبەر دەیان ھۆکاری دیکە رێگەنادرێت
ئەم سیما جوان و دیارەی شار لە ناوببرێت یان زیانی پێ بگەیەندرێت، لێرەوە بە رای گشتی و ھەموو لایەکی رادەگەیەنین
تا ئەو کاتەی دڵسۆزانی ئەم شارە مابن باخی گشتی و سەرجەم شوێنە گرنگ و مێژوویەکانی
سلێمانی وەک ناسنامەی سلێمانی و خەڵکەکەی ھەر بە پارێزراوی دەمێنێتەوە.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی
سلێمانی