"پێویستە ئەمریکا فشار بخاتە سەر تورکیا تا پێشلێلکارییەکانی لە باکووری سوریا ڕابگرێت"

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە زیاتر تیشک دەخاتە سەر پێشێلکارییەکانی گرووپەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا دژی کورد، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سوریاییەکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری (STJ) لەوبارەیەوە دەڵێت" ئەمریکا دەتوانێت فشار بخاتە سەر تورکیا تا پێشلێلکارییەکان لە باکووری سوریا ڕابگرێت". 

بەسام ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سوریاییەکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری (STJ)، ئەمڕۆ شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" گرنگترین شت لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەروەی ئەمریکادا بریتیە لەوەی کە پێشێلکارییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بە بەڵگە دەکات". 

دەشڵێت" ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گرووپە چەکدارە سورییەکان کە تورکیا پشتیوانیان دەکات، تا ئێستاش کارەکانی وەک کوشتن و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن و تاڵانکردنی ماڵ و حاڵی خەڵكی لە دژی کوردی عەفرین و سەرێکانی ئەنجام دەدەن، ڕاپۆرتەکە دەریدەخات، هێزە چەکدارەکانی سوریا گومانی پەیوەندی بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە بیانوو بۆ دەستگیرکردنی زۆرێک لە هاوڵاتیانی کورد و هەراسانکردنیان بەکاردەهێنن". 

بەسام ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، واشنتن دەتوانێت فشار بخاتە سەر تورکیا تا پێشلێلکارییەکان لە باکووری سوریا ڕابگرێت.

ڕاشیگەیاند" ئەو گرووپە چەکدارانەی ئەم پێشێلکاریانە ئەنجام دەدەن سەر بە تورکیان، تورکیاش ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە، واتا هاوپەیمانی ئەمەریکاشە، جا ئێستا واشنتن دەتوانێت فشار بخاتە سەر تورکیا و یەکێک لە پێشنیازەکانیش دەبێت ڕاگرتنی ئەو پێشێلکارییانە و کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی تورکیا و دەرکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەی سوریا بێت بۆ ئەوەی ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ گەلی ڕەسەنی خۆی". 

وتیشی" لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکراتیک)، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کوژرانی ٧٤ کەسیان لە ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە ڕاگەیاندووە، هەروەها لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا ٢٠ زیندان هەیە کە نزیکەی ٩ هەزار چەکداری داعشی تێیدا زیندانیکراون و بەپێی پێویست دەستیان بە نان و ئاو و چاودێری تەندروستی ڕاناگات، بەڵام هەسەدە هەندێک ڕێگەی داوە بە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور بۆ سەردانی هەندێک لە زیندانەکانی و چاودێریکردنی دۆخی زیندانییەکان". 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەکەیدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە لە ئەنجامی هێرشەکانی مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردووی سەر حەسەکە و قامشلۆ و کۆبانێ، ١٠ هاوڵاتی سڤیلی کورد گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی بەرچاو بە ژێرخانی مەدەنی وەک نەخۆشخانە و کارگەکان کەوتووە. 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا جگە لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی سڤیل، ئاماژە بەوەکراوە کە هێزەکانی ڕژێمی سوریا ئەو پەنابەرانەشیان دەستگیرکردووە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەڕاونەتەوە بۆ ئەو وڵاتە و بەبێ هیچ هۆکارێک ئەشکەنجە دراون.


PM:04:28:27/04/2024