فازل میرانی: پۆستی سەرۆک کۆمار ئەوە ناهێنێت تا کورد لەسەری رێکنەکەون

ئەمڕۆ پێنجشەممە، فازڵ میرانی سکرتێری پارتی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، " پۆستی سەرۆک کۆمار قازانجێکی وای بۆ کوردستان نەبووە، منیش سەرم سوڕماوە بۆ ئێمە و یەکێتی لەسەر ئەم پۆستەی کە هیچ پێشبینیەکی زیادی لێناکرێت بۆ دەستی یەکتر بشکێنین لەسەر ئەم پۆستە".

فازل میرانی 
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند "پڕۆسەی پۆستی سەرۆك كۆمار چەقیووە، كێشەی كاك هۆشیاریش بە ڕاستی لە گەندەڵی نییە، بەڵكو خراپ بەڕێوەبردنی دارایی بووە بەپێی ڕاپۆرتی بەرایی كە بینیومانە".


فازل میرانی وتیشی "جارێ كاندیدەكەمان دیارنییە، بەدڵنیاییەوە هەموو حزبەكان كاندیدی دیاریكراویان هەیە، دەمێنێتەوە سەر كۆبوونەوەی ئەمڕۆی كاك بافڵ لەگەڵ جەنابی سەرۆك ئومێدەوارین كە كۆبوونەوەیەكی باش بێت پاش ئەوە مەكتەبی سیاسی هەردوولا دابنیشن بەشێوەیەك لە شێوەكان ڕێكبكەوین، ئینجا چ برادەرانی یەكێتی لە قەرەبووی سەرۆك كۆمار ڕازی بن چ لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێكبكەون بە هەرحاڵ ئەمە لە بەرژەوەندی كورد و كوردستاندایە".

ئەوەشی ڕاگەیاند "ئەگەری زۆرە لەسەر كاندیدێك كە لە هەردوولا نەبێت ڕێكبكەوین، بەڵام بە كۆنكریتی ناڵێم، بەڵام ئەوە چەندینجارە سەرۆك كۆمار بۆ برادەرانی یەكێتیە قەیچێكە با ئەم چوار ساڵەش بۆ پارتی بێت و برادەرانی یەكێتی پۆستەكانی تر وەربگرن بە كورتی لەم دوو سێ بژاردەیە زیاترمان نییە یان بەداخەوە هەردوولامان دەچین خەڵكێكی غەیری كورد دیاری دەكەین یان دەنگی پێدەدەن كە باش نییە بۆ ئێمە وەكو میللەتێك یاخود لەسەر كاندیدێكی غەیری پارتی و یەكێتی ڕێكدەكەوین یان ئەوەتا هەردوولامان لەسەر كاندیدێكی پارتی یان یەكێتی ڕێكدەكەوین ئیتر بە یەك كاندید دەچینەوە بۆ هەڵبژاردن".

سەبارەت بە كاندیدی بوونی فازڵ میرانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەڵێت، نە تەمام تێدا هەبووە و نە تەماشم تێدا هەیە".

ناوبراو دەشڵێت " پۆستی سەرۆک کۆمار قازانجێکی وای بۆ کوردستان نەبووە، منیش سەرم سوڕماوە بۆ ئێمە و یەکێتی لەسەر ئەم پۆستەی کە هیچ پێشبینیەکی زیادی لێناکرێت بۆ دەستی یەکتر بشکێنین لەسەر ئەم پۆستە".

فازل میرانی دەربارەی بەرهەم ساڵح دەڵێت "د.بەرهەم هەندێک هەنگاوی هاویشتووە کاک بەرهەم نەدەبووایە بیهاوێژێت، وە زیانی لە کورد داوە و بۆ کورد هیچی نەکردووە، ئەوەی کە دەبینین، من دەڵێم ئەو زیرەکیەی کاک بەرهەم هەیەتی بۆ کورد بەکاری نەهێناوە".

سەبارەت بە پرسی بە ئۆپۆزسییۆنبوونیان لە ئەگەری كشانەوەی سەدر ناوبراو ڕایگەیاند، "ناتوانین ببینە ئۆپۆزیسیۆن نە ئێمە نە یەكێتی، ئەم دوو حزبە ناكرێت ببنە ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئۆپۆزسیۆن بووین كە ویستمان ڕژێم بگۆڕین، بەڵام ئێستا ئێمە وڵاتێك بەدەستمانەوە هەیە لێپرسراوی شەش حەوت ملیۆن مرۆڤین و ئیدارەیەكی فیدراڵیمان هەیە و پەڕلەمانمان هەیە و سەرۆكایەتی هەرێمان هەیە و حكومەتی هەرێمان هەیە، بۆچی ئۆپۆزیسیۆن بین، ئەوان لەسەر حوكمی عێراق دەتوانن یەكیان ئۆپۆزیسیۆن بێت بەڵام ئێمە لەسەرچی".

 

 



AM:10:24:10/02/2022