مەزڵوم کۆبانێ: بەبێ ئەمریکا چارەسەری سیاسی لە سووریا بەدەستنایەت

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە، ڕایگەیاند "سوریا داوادەکات بگەڕێنەوە پێش رووداوەکانی ساڵی ٢٠١١، ئەوەش گونجاو نییە و ئەوان رەتیانکردووەتەوە".

ئەمڕۆ ١٢ی شوبات شەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس  رایدەگەیەنێت "حکومەتی سوریا داوادەکات بگەڕێنەوە پێش رووداوەکانی ساڵی ٢٠١١، ئەوەش گونجاو نییە و ئەوان رەتیانکردووەتەوە، هەروەها مانەوەی سوپای ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، تەنیا بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش پێویست نییە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریاش پێویستە".

مەزڵووم عەبدی باسی لەوەشکرد، ئەمریکا نزیکەی ٩٠٠ سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و بنکەی سەربازیی تەنەف هەیە، دەشڵێت، لەو بباوەڕەدان،  کە بەبێ ئەمریکا، چارەسەری سیاسی لە سووریا بەدەستنایەت، گرنگە ئەمریکا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێکی سیاسی.

مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات  وتیشی "هەرچەندە هێزەکانیان رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گروپی چەکدارانی داعش، بەڵام باوەڕیان وایە تائێستاش مەترسییەکانی داعش زۆرن".

 



PM:06:11:12/02/2022