هەولێر.. دەرمانخانەیەک بەهۆی فرۆشتنی دەرمانی ساختەو نایاسایی داخرا

بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆلی جۆری دەرمان و سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان بڵاویانکردەوە، دوایدەر كەوتنی زانیاری سەبارەت بە بوونی دەرمانێكی ساختە لە دەرمانخانەیەك لە شاری هەولێر دەركەوت ئەو دەرمان خانەیە چەندەها دەرمانی نایاسایی و ساختەی تێدایە.

ئەمڕۆ ٢٤ی شوبات، بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆلی جۆری دەرمان و سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكی هاوبەشدا بڵاویانكردەوە، پاش دەستكەوتنی زانیاری سەبارەت بەبوونی دەرمانێكی ساختە، لەنێو بازار دەركەوت بڕێكی زۆر لەو دەرمانە ساختەیە لە دەرمانخانەی سەروەرانی هەولێر بوونی هەیە.

هەروەها دوای پشكنیی دەرمانخانەكە لەلایەن لیژنەكەوە دەركەوت دەرمانخانەكە پڕە لە دەرمانی قاچاخ و نایاسایی كە بڕەكەی زیاتر لە ٤٥٠٠ پاكەت دەرمانی جۆراوجۆر دەبێت، بۆیە دەرمانخانەكە بە پێی یاسا و ڕێنماییەكان ڕێكاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.

دەقی ڕونکردنەوەکە بەمشێوەیە هاتووە:

ڕوونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتی

پاش دەست كەوتنی زانیاری سەبارەت بە بوونی دەرمانێكی ساختە لە چەند دەرمانخانەیەك، لیژنەكانی چاودێری بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆلی جۆری دەرمان بە ھەماھەنگی لەگەڵ لقی ھەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان و قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی ھەولێر بەدواداچوونیان بۆ دەرمانخانەكان كرد، لە ئەنجامدا دەركەوت بڕێكی زۆر لە دەرمانە ساختەكە لە دەرمانخانەی سەروەران بوونی ھەیە، دوای پشكنیی دەرمانخانەكە لەلایەن لێژنەكەوە دەركەوت دەرمانخانەكە پڕە لە دەرمانی قاچاخ و نایاسایی كە بڕەكەی زیاتر لە ٤٥٠٠ پاكەت دەرمانی جۆراوجۆر دەبێت. بۆیە دەرمانخانەكە بە پێی یاسا و ڕێنماییەكان ڕێكاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.

بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین كە داخستنی دەرمانخانەكە ھیچ پەیوەندیەكی بە ھەرزانی نرخەوە نیە، بەڵكو ھەرزانی نرخی دەرمانەكانی دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەكردنی دەرمانخانەكە لەگەڵ دەستگێڕ و دەرمانی نایاسایی و سەرچاوە نادیار و ساختە.

شایەنی باسە دەرمانخانەكە پێشووتریش لەسەر مامەڵەكردن بە دەرمانی میری (MOH) كە كڕین و فرۆشتنی قەدەغەیە داخراوە و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر.

لە كۆتایدا ھاولاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە كە ئێمە خەمخۆری جدی تەندروستی ئەوانین بۆیە بەدواداچوونەكانمان بەردەوامیان دەبێت و ناھێلین ڕای گشتی بە بیانووی جۆراوجۆر و ھەرزانی بەلاڕیدا ببردرێت.

ڕوونكردنەوەی هاوبەش

كوالێتی كۆنتڕۆلی دەرمان و لقی ھەولێری سەندیكای دەرمانسازانی كوردستان

٢٤/٠٢/٢٠٢٢



PM:05:37:24/02/2022