"بەبێ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق هەڵنابژێردرێت"

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" بێ رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی سەرۆک کۆمار هەڵنابژێردرێت". 
 
ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند" بێ رێککەوتن، رێژەی یاسایی تەواو نابێت، لەوانەش بێ رێککەوتن لە نێوان یەکێتی و پارتی و لەوە گەورەتریش لە نێوان هەموو لایەنەکانی شیعەدا، واتە سەرۆک کۆمار لە ٢٦ی ئازار بێ رێککەوتن هەڵنابژێردرێت".
 
ڕوونیشیکردەوە، ئێمە وتمان با نەبینە بەشێک لە ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکان، دەستوەردان یان دەستبردن بۆ ماڵی شیعی هێڵی سوورە و یاریکردنە بە ئاگر؛ ئەمەیان بە نووسین پێ گوتین، بە قسە پێیانگوتین و بە کردایش پێیان گوتین، کە دەستوەردان دەستبردنە بۆ ئاگر. 
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە زۆرینەی سیاسی چارەسەر نییە بۆ عێراق و وتی" پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی (٣١) کورسیە و یەکێتیش خاوەنی (١٩) کورسییە، بەڵام یەکێتی دەتوانێت بەشێک بێت لە راوەستانی پرۆسەکە بە (١٩) کورسییەوە، کەواتە لێرە زۆرینەی سیاسی چارەسەر نییە بۆ عێراق". 
 
ئاسۆ فەرەیدون پەکخستنی دانیشتنی پەرلەمان بە چارەسەر نابینێت و پێیوایە" ئەمە تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەی هەموو لایەک بێینە سەر مێزی گفتوگۆ و لێکتێگەیشین و رێککەوتن، چونکە بێ رێککەوتن، ئەگەر حکومەتێکیش پێکبهێندرێت بەم زۆرینەیە لە ساڵێک زیاتر بڕ ناکات".


PM:01:43:19/03/2022