ئاماری هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم ئاشکراکرا

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم ئاماری هاتنی گەشتیارانی بۆ جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە و دەڵێت" زۆربەی گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە هاتوون". 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی ئامارەكانی تائێستا تۆماركراون لە ماوەی ١٥ی ئادار تاوەکو دوێنێ یەكشەممە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٢، زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەولێر و سلێمانییان كردووە كە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە هاتوون. 

ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە ٥٢ هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەولێر و زیاتر لە ٥٠ هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشیارییەكانی سلێمانییان كردووە. 

ئەوەش هاتووە" وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەماوەی چەند ڕۆژی پێش هاتنی جەژنی نەورۆزدا، هەڵمەتێكی فراوانی لەسەر ئاستی هەموو كوردستان بۆ خاوێنكردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان جێبەجێ كرد و ئەم هەڵمەتەش لە دوای جێهێشتنی گەشتیاران لەو شوێنانە بەردەوام دەبێت". 


PM:05:35:21/03/2022