وەزارەتی رۆشنبیری نمایشی شانۆیی (دواڕۆژەكانی بابلۆ)ی راگرت

وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ستافی شانۆیی (دواڕۆژەكانی بابلۆ)ی راگەیاندوە "لەبەرئەوەی خۆیان بۆ رۆژی جیهانی شانۆ كە 27ی ئەم مانگەیە نمایشی شانۆییان هەیە، دەبێت ئەوان نمایش لە هۆڵی رۆشنبییری سلێمانی رابگرن".

لاوك ئەبوبەكر، یاریدەدەری دەرهێنەری شانۆیی (دواڕۆژەكانی بابلۆ) بە (سپی) راگەیاند، بەداخەوە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و تەنها لەبەرئەوەی نمایشێكی چیەند چركەیی لە رۆژی 27ی ئەم مانگە كە رۆژی جیهانی شانۆیە، وەزارەت بڕیاریداوە شانۆییەكەیان رابگیرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "گرێبەستی ئەوان بۆ نمایشەكەیان لەو هۆڵە لە بەرواری 1 شوبات تا 25ی شوبات بوو، بەڵام بەهۆی زۆریی هاتنی خەڵك بۆ نمایشەكەیان بەشێوەی زارەكی و لێكتێگەیشتن ماوەی شانۆییەكەیان درێژ كردۆتەوە و تەنانەت سێ بۆنەش هەبوون لەم مانگەدا، بەڵام توانیویانە بەشێوەی تێگەیشتن چارەسەری بكەن".

لاوك روونیكردەوە، ئەوان بۆ ئەوەی نمایشەكەیان نەوەستێت و دیكۆرەكەیان پێ نەگۆڕن، زۆر هەوڵیان داوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی رۆشنبیری و رۆشنبیری سلێمانی قسە بكەن و تەنانەت لەگەڵ ستافی شانۆییەكەی دیكەش قسەیان كردووە بۆ ئەوەی شانۆییەكە بۆ هۆڵێكی تر بگوێزنەوە، بەڵام سوودی نەبووە".

شانۆیی (دواڕۆژەكانی بابلۆ) لە دەرهێنانی شوان كەریم و تائێستا زیاتر لە 14 هەزار بینەری هەبووە.





PM:08:34:22/03/2022