بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی لهبارهی راگرتنی شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) روونكردنهوهیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەو شانۆیە بە هیچ شێوەیەك لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە رانەگیراوە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی له رونكردنهوهیهكدا بڵاویكردهوه" سەبارەت بەو بەیاننامەیەی بە ناوی ستافی شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ)وە بڵاوكراوەتەوە، بە پێویستی دەزانین بۆ ئەوەی ڕای گشتی بە هەڵەدا نەبرێت، رونیبكهینهوه، كه شانۆیی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) كارێكی هاوبەشی (سۆ ماركێتینگ) و بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانە، ئێمەش وەك ئەوان خۆمان بە خاوەنی ئەو شانۆییە دەزانین و بۆ هەموو لایەكی ڕوون دەكەینەوە كە ئەو شانۆیە بە هیچ شێوەیەك نە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتییمان و نە لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانەوە ڕانەگیراوە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، بڕیاربوو ئەو شانۆییە تا تا ١٠ی ئازاری ئهمساڵ نمایش بكرێت و رێككەوتنەكەشیان لەگەڵ ئهواندا بەو جۆرە بووه، بەڵام ستافێكیان سەردانی بەڕێوهبەری گشتییان كرد داوایان كرد بۆ ٢٠ی ئازار كاتی نمایشەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر ڕۆژەكانی ١٥ی ئازار و ١٨ی ئازار لەلایەن لایەنی تر و تیپی ترەوە هۆڵەکە گیرا بوو، بەڵام لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی شوێنی تر بۆ ئەو لایەنە تەرخان كرا و ڕەزامەندی درا لەسەر درێژكردنەوەی ماوەكە بۆ ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٢.
له راگهیهندراوهكهدا هاتووە" دوای كۆتایی هاتنی ئەو ماوە درێژكراوەیە دیسانەوە پڕۆدیسەر و دەرهێنەری شانۆیی (دوا رۆژەكانی بابلۆ) داوایان كرد كە سەرلەنوێ بۆ یهكی نیسان ماوەی نمایشیان بۆ درێژ بكرێتەوە، ئەمە لە كاتێكدا پێشتر ئاگادار كرابونەوە كە هۆڵەكە لە ٢٠ی ئازارەوە بۆ مەراسیمی ڕۆژی جیهانیی شانۆ لەلایەن بەشی هونەری شانۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتییمانەوە گیراوە، پێیان وترا ئەو چەند ڕۆژە مافی ئەوانە، ئەگەر ئێوە بتوانن لەگەڵ ئاسۆ نوری كە دەرهێنەری شانۆیی (مردن لە چوار وەرز)دایە و بەشێكە لە مەراسیمەكە، ڕێك بكەون، نمایشەكەی بباتە هۆڵێكی تر، ئێمە كێشەمان نییە و كاتەكە درێژ دەكەینەوە".
ئهوهشخراوهتهڕوو، ستافی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ) لەگەڵ دەرهێنەری شانۆیی (مردن لە چوار وەرز)دا ڕێك نەكەوتبوون، چونكە بەڵگەی هونەرییان هەبووە و بۆ ستافی شانۆی (دوا ڕۆژەكانی بابلۆ)یان ڕوون كردوەتەوە كە ئەوان لە سەرەتاوە كاریان لەسەر جوگرافیای هۆڵی ڕۆشنبیری كردوە و مافی خۆیانە لە ٢٠ی ئازارەوە هۆڵەكەیان بۆ چۆڵ بكرێت، چەند جارێكی تریش بەڕێوبەری گشتیی قسەی لەگەڵ دەرهێنەری شانۆی (مردن لە چوار وەرز)دا، كردوە تاكو ڕازیی بكات، بەڵام ئەو سوربووە لەسەر ئەوەی لە مافی خۆی سازش نەكات، لەو ڕوەشەوە یاسا و ڕێنمایی پشتگیری ئەویان كردوە، چونكە پێشوەختە هۆڵەكەی گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی دهشڵێت" بە داخەوە بەیاننامەكەی ستافی شانۆیی (دوا رۆژەكانی بابلۆ) بە نەفسێكی ناهونەرییانە نوسراوە و هەستی بەرپرسیارێتی تێیدا زۆر لاوازە، بە تایبەت كە ئەوان تۆمەتی ناڕەوایان خستۆتە پاڵ وەزیری رۆشنبیری و لاوان، لە كاتێكدا وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان تەنها فەرمانیان كردوە بە پێی یاسا و ڕێنمایی مامەڵە بكرێت و ماف بە كام لایە پێی بدرێت".
ههروهها دهڵێت" لە شوێنێكی دیكهدا ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوان پارە بەحكومەت دەدەن، بەڵام ڕاستییەکەی كارەكە هاوبەش بووە و بەڕێوبەرایەتیمان هۆڵەكەی بێ بەرامبەر پێ بەخشیون، تەنها پارەی خزمەتگوزارییان داوە و گازیان بۆ مولیدە دابین كردوە، ئێمە لە هەمو ئەوەی نوسیومانە بەرپرسیارین و بە مافی خۆشمانی دەزانین پەنا بەرینە بەر دادگا كێشەكە یەكلایی بكاتەوە، چونكە پێویستە رێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نەدرێت لە پێناوی ریكلامكردن بۆ خۆیان و پارەپەیداكردندا تەشهیر بە ناو و ناوبانگی كەسان و لایەنانی دیكه بكەن".