کەجەکە: پارتی و تورکیا ڕێککەوتوون هێرش بکەنە سەرمان

کەجەکە ڕایدەگەیەنێت" زانیارییان پێگەیشتووە پارتی و دەوڵەتی تورکیا ڕێککەوتوون بەهاوبەشی هێرش بکەنە سەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان". 

ئەمڕۆ کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لەم نەورۆزەدا لە باکووری کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش ملیۆنان کەس ڕژانە گۆڕەپانەکانی ئازادیی، گەلەکەمان پەیوەستبوونی بە ڕێبەر ئاپۆوە دووپاتکردەوە و پەیامی تێکۆشان و بەرخۆدانی دایەوە بەرامبەر فاشیزمی ئاکەپە و مەهەیە، نەورۆزی ٢٠٢٢ ڕاستی گەلی بەرخۆدێر و ئازادیخوازی دەرخست لە ٥٠ یەمین ساڵەی تێکۆشاندا، کە لە هەموو هەلومەرجێکدا پەیوەستە بە بەهاکانییەوە، ئەمڕۆ کە گەلەکەمان بەشێوەیەکی گەورە پێشوازی لە نەورۆز دەکات، ئەوە کاریگەریی لەسەر جیهان دەکات". 

وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە" پارتی لەم سەردەمەدا زانیاریی دەگەیەنێتە دەوڵەتی تورک و بە دروستکردنی ئاژاوەگێڕیی لە ناوچەکانی گەریلا، بووەتە بەربەستێکی گەورەی تێکشکانی دەوڵەتی تورکیا". 

کەجەکە ئاشکرایکردووە، لە ساڵی نوێی تێکۆشاندا میدیاکانی باشووری کوردستان ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە دەوڵەتی تورکیا دەست بە جموجوڵێکی داگیرکاریی نوێ دەکات و بۆ ئەوەش ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتیدا کردووە و پلانی هاوبەشیان داڕشتووە، بەگوێرەی هەواڵەکانی میدیاکانی باشووری کوردستان، پارتی ئەمساڵ ڕاستەوخۆ بەشدار دەبێت لە جموجوڵە داگیرکارییەکانی تورکیادا و پێشمەرگە بەرامبەر گەریلا دەخەنە شەڕەوە، بۆیە ئەم زانیارییانە بۆ ڕایگشتی بڵاودەکەینەوە، جگە لەوەش پارتی واز لە بەشدارییکردن لە ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکاندا ناهێنێت و ئامادەکاریی بۆ شەڕ دەکات. 

ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە و بەدەست ئێمەش گەیشتووە، پارتی بۆ ئەوەی بتوانێت چالاکانە بەشدار بێت لە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکدا و شەرعییەتیش بە بەشداریکردنەکەی بدات، هەندێک جوڵەی ئاژاوەگێڕیی ئەنجامدەدات، بەگوێرەی ئەوەش وەک پیلانێکی شەڕی تایبەت، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما دەیەوێت ڕایگشتی کوردستان دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان تووڕە بکات، ئەگەر ئەوەش سەرنەگرێت، ئەوا پێشمەرگە چەند هێرشێکی ئەنجامبدات، کە زیان بە خەڵکی باشوور بگەیەنێت و دواترر بەرپرسیارێتییەکەی بخرێتە ئەستۆی گەریلا، هەندێک ماڵپەڕی پارتی لە ئێستاوە زمانی خۆیان بۆ ئەو هێرشە ڕادەهێنن و دەیانەوێت ئەو پیلانانە ڕەوابکەن.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە دەشڵێت" لە میدیاکانیشەوە دیارە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتی هێزی تایبەتی بە چەکی قورسەوە ناردووەتە ئەو ناوچانەی کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە گەریلایان تێدایە، ئەوە هەنگاوێکی زۆر مەترسیدارە و تەنها خزمەت بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دەکات". 

کەجەکە داوا لە پەرلەمانی باشووری کوردستان، لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، دامودەزگا فەرمییەکان و ڕایگشتی کوردستان دەکات، دژی پیلانی داگیرکەریی هەستن و هۆشیاریی بدەنە پارتی، هەموو گەلەکەمان و وڵاتەکەمان ئاگادار دەکەینەوە لەو پیلانە و داواش لە پارتی دەکەینەوە بەشداریی ئەو پیلانە چەپەڵە نەکات. 


PM:12:05:26/03/2022