هونەرمەندێکی ناسراوی کورد لە یەکەم رۆژی مانگی ڕەمەزان وازی لە گۆرانی وتن هێنا

گۆرانیبێژی دیاری کوردستان مەریوان سەفائەدین بۆ هەمیشە وازهێنانی خۆی لە کاری هونەری ڕاگەیاند و داوای لێبوردن لە گۆێگرانی دەکات کە چیتر بەرهەمی نوێی نابێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکارەکەی بکات. 

هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی کورد مەریوان سەفائەدین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وازهێنانی خۆی لە کاری گۆرانى وتن ڕاگەیاند و دەڵێت" دوای ماوەیەکی زۆر بیرکردنەوە دواجار گەشتەمە ئەو قەناعەتەی، کە لەمڕۆوە واز لە کاری هونەری بێنم".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بڕیارە لە مڕۆوە جێبەجێی دەکەم، بۆیە زۆر داوای لێبورن لە هەموو لایەك دەکەم، بمبورن کە جارێکی دیکە گوێتان لە بەرهەمی نوێی من نابێتەوە، هیوادارم ئەوەشی لە رابردوودا کردوومە، بووبێتە جێی رەزامەندی ئێوەی ئەزیز، دوبارە بمبورن.

مەریوان سەفائەدین لە ساڵی (١٩٧٢) لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە و ھەتا ساڵی (١٩٨٨) و کاتی کیمیابارانەکەی ھەڵەبجە لەوێ ژیاوە، لە ساڵی (١٩٩٦) کوردستانی بەرەو ئەورووپا بەجێھێشت بە جۆرێک دوو ساڵ لە ئەڵمانیا و (١٠) ساڵ لە ئایسلەند ژیاوە، پاشان چووەتە سوید، لە ساڵی (١٩٩٣) لە رێگەی بەھجەت یەحیاوە دەستی بە کاری ھونەری کردووە، ھەروەھا مەریوان یەکێک بووە لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای فۆلکلۆری کورد کە چەندین کۆنسێرتی لە ھەردوو شاری ھەولێر و سلێمانی کردووە، تەنیا دوو ئەلبومی بە ناوەکانی دییە لە (٢٠٠٢) و جێژوان لە (٢٠٠٦) بڵاوکردووتەوە. 


AM:10:53:02/04/2022