ئەمڕۆ دوا رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی فەڕەنسایە


ئەمڕۆ دوایین رۆژی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی فەرەنسایە و رۆژی یەكشەممە 10ی نیسان، هەڵبژاردن لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكی فەرەنسا لە نیوەشەوی رۆژی 8ی نیسان كۆتایی دێت، كاندیدەكان لەئەمڕۆوە  ناتوانن بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێو خەڵكیدا بكەن، هەروەها دوای نیوەشەوی رۆژی 8ی نیسانیش بەهەموو شێوەیەك بڵاوكردنەوەی ئەنجامی راپرسی دەنگدان قەدەغە كراوە.

رۆژی یەكشەممە زیاتر لە 47 ملیۆن فەرەنسی مافی ئەوەیان دەبێت روو لە بنكەكانی دەنگدان بكەن بۆ ئەوەی لە نێو 12 كاندید، سەرۆكی داهاتوویان  هەڵبژێرن. 
 
بەشێكی زۆر لە راپرسییەكان دەریدەخەن، هیچ كام لە كاندیدەكان لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنەكەدا سەركەوتن بەدەست ناهێنن، بەڵام لە گەڕی دووەمدا ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی ئێستا سەردەكەوێت و جارێكی دیكە سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە ئەوروپییە دەكات.



PM:12:40:08/04/2022