ڕێكخراوەكانی بواری جینۆساید: پێویستە تۆمەتبارانی ئەنفال دادگایی بكرێن

رێكخراوەكانی بواری جینۆساید ڕایدەگەیەنن" دەبێت تۆمەتبارانی ئەنفال دادگایی بكرێن، هەروەها ناوەكانیان بدرێتە پۆلیسی ئەنیتەرپوڵ و حكومەتی وڵاتان". 

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، بە بەشداری چالاکوانان، نوسەران و هونەرمەندانی کەرکوک لە بەردەم کتێبخانەی گشتی کەرکوك گردبونه‌وه‌ و یاداشتێكیان خوێنده‌وه‌ و ئاماژەیان بەوەکرد" رژێمی بەعس یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی سەدەی بیستەمی بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجامدا بەناوی ئەنفال، بە جۆرێك رژێمی بەعس لە ماوەی (ساڵدا، چوار تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر بە گەلی كورد پیادە كرد، كە بریتی بون لە كۆمەڵكوژی كوردانی فەیلی، جینۆسایدی بارزانیەكان، كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال، كە تاوانی ئەنفال، گەورەترین و بەرفراوانترین پڕۆسەی جینۆسایدكردنی كورد بوو".

ئەوەشیان خستەڕوو، دەبێت تۆمەتبارانی ئەنفال دادگایی بکرێن، بە تایبەت ئەو ٤٢٣ تۆمەتبارەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە ٢٠٠٧ەوە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنیان بۆ دەرچووە، هەروەها ناوی تۆمەتباران بدرێتە پۆلیسی ئەنتەرپول و حكومەتی وڵاتان، تا ڕەگەزنامە و مافی پەنابەرێتییان لێی وەربگیرێتەوە.

دەقی یاداشتەكە:

داواكارییەكانمان لە یادی (34) ساڵی تاوانی ئەنفال

(34) ساڵ بەر لەئێستا، رژێمی بەعس یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی سەدەی بیستەمی بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجامدا بەناوی ئەنفال.. بە جۆرێك رژێمی بەعس لە ماوەی (ساڵدا، چوار تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر بە گەلی كورد پیادە كرد، كە بریتی بوون لە "كۆمەڵكوژی كوردانی فەیلی، جینۆسایدی بارزانیەكان، كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال"، كە تاوانی ئەنفال، گەورەترین و بەرفراوانترین پرۆسەی جینۆسایدكردنی كورد بوو.

بە داخەوە ساڵ لە دوای ساڵ، داواكارییەكانمان دووبارە دەبنەوە، چونكە پەیمان و بەڵێنەكان ئەنجامیان نییە، ئەمەش لە كاتێكدایە، حكومەتی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان، بە خۆێنی قوربانیانی جینۆساید هاتوەتە بەرهەم، بەڵام بەداخەوە هەردو حكومەت، بونە حكومەنی داڵدەدانی تاوانبارانی جینۆساید، چونكە دەیان تاوانباری تاوانەكانی جینۆسایدی بەعس، لە سایەی ئەم دوو حكومەتە، ئازادانە دەژیین و موچە و ئیمتیازییان بۆ بڕاوەتەوە و هەندێكیشیان پلە و پۆستیان پێی بەخشراوە.
هەر بۆیە لە یادی (34) ساڵەی تاوانی ئەنفال، ویڕای بەرزگراتنی یادی (182) هەزار قوربانی ئەو تاوانە، داوا دەكەین:
1ـ دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال، بە تایبەت ئەو (423) تۆمەتبارەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، لە رێكەوتی (20/5/2007)ـەوە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی بۆ دەرچووە و تائێستا دامەزراوە ئەمینەكانی عێراق و هەرێم، ئامادەنین دەستگیرییان بكەن.

2ـ داوا دەكەین، ناوی تۆمەتباران بدرێتە پۆلیسی ئەنتەرپول و حكومەتی وڵاتان، تا رەگەزنامە و مافی پەنابەرێتیان لێی وەربگیرێتەوە.

3ـ پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و هێنانەوەی روفاتی قوربانیان و ئەنجامدانی پرۆسەكانی شیكاری (DNA) بۆ روفاتەكان و كەسوكاری قوربانیان، بە مەبەستی ناسینەوەیان.

4ـ سەرۆك كۆماری عێراق بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە داوای لێبوردن لە قوربانیانی جینۆساید بكات، چونكە بەپێی پرنسیپی نێودەوڵەتی، داوای لێبوردن، ئەركی سەرۆك كۆمارە، كە بۆ خۆی كوردە و لە میلەتێكی قوربانی جینۆسایدە.

5ـ هەموو لیستەكانی موچەی "شەهیدان، جینۆساید، بریندارانی چەكی كیمیاوی، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگەی دێرین" بڵاوبكرێنەوە و لە بوونی گەندەڵی و ناوی تاوانباران پاك بكرێنەوە.

6ـ سەربازگەی تۆپزاوا لە فەوتان و لە ناوچوون رزگاربكرێت و بە بەپەلە بكرێت بە مۆنۆمێنتێكی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال، چونكە سەربازگەی تۆپزاوە بە هاوشێوەی سەربازگەی ئۆشفیتزی هۆڵۆكۆست، هەڵگری دەیان پەیام و چیرۆكی قوربانیانی ئەنفال.

7ـ داواكاری كەسوكاری قوربانیان جێبەجێ بكرێت و ژیانی شایستە بۆ تاقانەكانی جینۆساید و رزگاربووانی گۆڕی بە كۆمەڵ، بریندارەكان دابین بكرێت.

8ـ پەرلەمانی كوردستان، هەموو جۆرە دانیشتن و سەردان و وێنەگرتنی بەرپرسانی حكومی و حیزبی لەگەڵ تاوانباران قەدەغە بكات.
رێكخراوەكان:

1ـ رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
2ـ تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
3ـ رێكخراوی باران بۆ پرسی شەهیدان وئەنفالكراوان
4ـ رێكخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤ
5ـ گۆڤاری تۆپزاوە
6ـ رۆژنامەی نوگرەسەلمان
7ـ ڕێكخراوی چاودێری كوردۆساید ـ چاك
8ـ رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژی لە كوردستان
9ـ رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
10ـ هەڵمەتی دادپەروەری
11ـ رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
12ـ تۆڕی ئایكان لە كوردستان

دەقی یاداشتی دووەم:

بۆ دوبارە نەبوونەوەی تاوانی ئەنفال, داوا دەكەین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی

34ساڵ لەمەوپێش رژێمی تاوانی ئەنفالی لە پرۆسەیەكی سەربازی 197 رۆژەدا بەرامبەر بە گەلەكەمانی ئەنجامدا, لە بارودۆخێكدا وەك ئێستا دادگایەكی نێونەتەوەیی نەبوو تا ببێتە رێگر لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە مەزنە, كە لە ئاكامی ئەم تاوانەدا زیاتر لە 182000 هاووڵاتی سڤیلی كوردستان بوونە قوربانی.

ئێمە لە یاداوەری 34 ساڵەی تاوانی ئەنفالدا, لە پێناو دوبارە نەبوونەوەی تاوانی لەم چەشنە لە وڵاتەكەمان و دڵنەوایی نەوەكان بەوەی دوبارە نابێتەوە, داواكارین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, كە هەنووكە 123 وڵات پەیوەست بوونە پێوەی, دوایینیان فەڵەستین و وڵاتی سلفادۆرە.

ئەگەر ئەم داواكارییەی ئێمە كە 17ساڵە دوبارەی دەكەینەوە جێبەجێ بەكرابایا, ئێستا كەیسی تاوانەكانی سنجار و شارو شارۆچكەكانی دیكە بە سانایی دەگەیشتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانەكە بە جینۆساید دەناسێننرا.

بۆیە لەم یادەدا داواكارین بە زوترین كات عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و پەیوەست بێت بە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتییەوەو ببێتە وڵاتی 124ەمینی ئەندام لەم دادگایە .

تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی


AM:11:50:13/04/2022