حكومەتی هەرێم: بەردەوام دەبین لەگفتوگۆ بۆ رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق


حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و جەختیش لە داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.  

بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم، لە تەوەری ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، باسی لە سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ كرد و ئاماژە بەوەكراوە، كۆبوونەوە و گفتوگۆكان تا ئێستا بەردەوامن و ڕێككەوتنی كۆتایی ئەنجام نەدراوە. 

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە لە هەمانكاتدا حكومەتی هەرێم، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ دەبینێتەوە وەك لە دەستووردا هاتووە و حكومەتی هەرێم، پابەندبوونی خۆی لە بەرامبەر كۆمپانیا نەوتییەكان دووپات دەكاتەوە تا گەیشتن بە ڕێكەوتنی كۆتایی بەگوێرەی دەستوور، كە مافی هەموو لایەنەكانی تێدا پارێزراو بێت.  

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە بەردەوامیدان بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر پێداچوونەوە بە میكانیزمی كاركردن لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئاراستەی برەودان بە باشتر ڕاییكردنی كارەكانی حكومەت و پتەوكردنی هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت و نەهێشتنی ڕووتین و لێكۆڵینەوە لە داواكاریی وپێداویستی وەزارەتەكان لە پێناوی چارەسەركردنیان بە ئامانجی برەودان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی گشتی بە شێوەیەكی باشتر بە هاووڵاتییان وبەدەنگەوەچوونی داخوازیی و داواكانیان.  





PM:07:55:13/04/2022