مەسرور بارزانی: حكومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكاتەوە


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، نابێت جارێكی دیكە شاڵاوی ئەنفال دووبارە بكرێتەوە و پێویستە حكومەتی عێراقیش قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكاتەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 34هەمین ساڵیادی ئەنفال رایگەیاندووە "ئەگەرچی بەشێك لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە گەورەیە و ئەو سیاسەتە نەژادپەرستانەیە، بە سزای خۆیان گەیشتن و لەناوچوون، بەڵام پێویستە هەوڵەكانمان بەردەوام بێت بۆ زیاتر ناساندنی شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال و شەرمەزاركردنی ئەنجامدەرەكانی و ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە چ دژ بە گەلی كوردستان یان هەر گەلێكی دیكە لە جیهاندا، نابێت چیتر ئەم كۆمەڵكوژی و وێرانكارییە لە كوردستان، لە ژێر هەر ناوێك و بە هەر بیانوویەك بێت دووبارە ببێتەوە".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەكردووە "جارێكی دیكەش دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە حكومەتی عێراق، بەپێی دەستوور، ئەرك و بەرپرسیارێتیی خۆی لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان و هەروەها قوربانییان و زیانلێكەوتووانی شاڵاوەكانی ئەنفال و هەموو تاوانەكانی جەنگ و ئەو كۆمەڵكوژییانەی كە بەرامبەر خەڵكی كوردستان كراون، جێبەجێ بكات". 



AM:10:20:14/04/2022