سپی زانیاری ورد لەسەر بودجەو مووچەی تەلەفزیۆنی رووداو بڵاودەکاتەوە

گۆڤاری سپی میدیا لە دوا ژمارەی خۆیدا بوودجە و مووچەی تۆڕی میدیای رووداو بڵاو دەکاتەوە.
بەپێی ئەو راپۆرتە کە دەست سپی کەوتووە، بوودجەی مانگانەی تۆڕی میدیای رووداو ٨٠٠ هەزار دۆلارە. هەروەها  بەرێوەبەری ئەو میدیایە مانگانە ١١ هەزار دۆلارە وەردەگرێت کە زیاترە لە مووچەی فەرمی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەو راپۆرتەدا هاتووە کە تۆڕی میدیای رووداو ٥٠٠ کارمەندی هەیە کە لەبەشە جیاجیاکانی ئەو میدیایەدا کاردەکەن.لە راپۆرتەکەدا هاتووە  "موچەی مانگانەی بەرێوەبەری ئەو تۆڕە، 11000 یانزە هەزار دۆلارە ( دەفتەرێک‌ دۆلار‌و دەگەڵا) لەکاتێکدا موچەی بەرێوبەری گشتی کەناڵی نالیا (توانا عوسمان) سێ ملیۆن دینارە.کۆمپانیای ئاوێنە بۆ چاپ‌و بڵاوکردنەوە، کە میدیایەکی ئەهلییە‌و پێکهاتەوە لە( رۆژنامەی ئاوێنە‌و ماڵپەر‌ی ئاوێنەنیوز‌و گۆڤاری ئاوێنەکان) بەرێوبەرەکەی کە ئاسۆس هەردییە موچەی مانگانەی تەنها یەک ملیۆن دینارە". 
سەبارەت بەم زانیاریانە، فازل نەجیب وتەبێژی تۆڕی میدیای رووداو وتی"ئەم مەسەلەیە تایبەتە بە خودی دەزگاكە و ناتوانین بیدەینە میدیا، بەلام ئێمە وەكو ڕووداو هەر لەسەرەتاوە كارمان بۆ ئەوە كردووە، كە موچەی كارمەندانی ڕووداو بگەیەنینە ئاستێك، كە رۆژنامەنوسان ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین بكرێت".
درێژەی ئەم راپۆرتە لە ژمارە ١٦ ی گۆڤاری سپی میدیا بخوێنەوە، کە ئەمرۆ کەوتە بازاڕەوە. 




PM:09:54:24/07/2014