رێککەوتنێکی نەوتراوی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی داهاتی هەرێم ئاشکرا دەکرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا رێککەوتنێکی نەوتراوی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی داهاتی هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت" لە ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنە سلێمانی تووشی داڕوخانی گەورە دەبێت".   

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، راپۆرتێكی بە ناونیشانی (ڕێككه‌وتنی دوو ئیداره‌یی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی كوردستان) بڵاوكردەوە و نوسیویه‌تی" به‌رده‌وامیدان به‌م ڕێككه‌وتنه‌ كه‌ ئێستا له‌ بواری جێبه‌جێكردندایه‌، ئیداره‌ی سلێمانی له‌ دوو لاوه‌ خراوه‌ته‌ ژێر گه‌مارۆوه‌، ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌ و نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر كاغه‌ز، به‌ڵام ته‌نیا ڕێككه‌وتنه‌ له‌ كورستاندا به‌ ته‌واوه‌تی جێبه‌جده‌كرێت، له‌ماوه‌یه‌كی كورتیشدا و له‌ ئه‌نجامی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ سلێمانی توشی داڕوخانی گه‌وره‌ ده‌بێت".
 
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم دوو ئیدارەییە ڕانەگەیاندراوە زیانێکی گەورەی لە کۆی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، دەرگای گەورەشی بۆ گەندەڵی و قاچاخی کردوەتەوە و بەرپرسی ڕاستەقینە لە دۆخەکە وندەکات، بە یەکتر تاوانبارکردن لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە خەڵک دەکرێتە قوربانی. 

پەرلەمانتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکراشیکردووە، بەپێی ئەو داهاتەی هەردوو ئیدارەی (هەولێر و دهۆک) و (سلێمانی) بۆ تەمویلی مووچە دەیدەن، لە ئێستادا لە سەرتاسەری کوردستان داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە.
 
عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت" ئەوەی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی بەسەر خاڵی سنوری و ئیدارەدانی سنوری سلێمانی هەیە هەریەک لە ( بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی)ن، هەروەها سەرۆکی حکومەت لە ڕووی یاسایی و حوکمڕانیەوە بەرپرسی یەکەمە".
 
ده‌قی راپۆرته‌كه‌ی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح: 

 ڕێککەوتنی دوو ئیدارەیی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان 

-  بەردەوامیدان بەم ڕێککەوتنە، کە ئێستا لە بواری جێبەجێکردندایە، ئیدارەی سلێمانی لە دوو لاوە خراوەتە ژێر گەمارۆوە.

-  ئەم ڕێککەوتنە ڕانەگەیندراوە و نەخراوەتە سەر کاغەز، بەڵام تەنیا ڕێککەوتنە لە کورستاندا بەتەواوەتی جێبەجدەکرێت.

-  لەماوەیەکی کورتدا و لە ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنە سلێمانی تووشی داڕوخانی گەورە دەبێت.

-  بەشی یەک: موچە

- ئەو پارەی نەوت کە دەگەڕێتەوە، ٤٣٪ بۆ موچەخۆرانی ئیدارەی سلێمانیە و ٥٧٪ بۆ ئیدارەی هەولێر و دهۆکە. 

-  بۆ نمونە: مانگی ٢ی ئەم ساڵ، داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی بڕەکەی (٤٨٨ ملیۆن دۆلار) بوە. بڕی( ٢٠٩ ملیۆن دۆلار) بۆ ئیدارەی سلێمانی و ئەوی دیکە بۆ هەولێرو دهۆک.

-  ئەگەر پارەی نەوت بەشی موچەی نەکرد… هەر سنورە و تەواوکردنی موچە لە داهاتی خۆی بدات.. بۆ نمونە مانگی ٢ی ئەم ساڵ، ئیدارەی سلێمانی دەبێت( ٤٨ ملیۆن دۆلار ) بدات، هەولێریش( ٦٤ ملیۆن دۆلار) .

-  سلێمانی نەیتوانی لە کاتی خۆیدا (٤٨ ملیۆن دۆلار)ەکە دابین بکات، ئەمەش وایکرد موچەی بەشێک لە موچەخۆرانی سنوری ئیدارەی سلێمانی دوا بکەوێت.

-  بەشی دوەم: پرۆژەکان

-  سەرۆکی حکومەت، دەبێت بڕیار لە هەمو پرۆژەکانی ئیدارەی سلێمانیش بدات وەک هەولێرو دهۆک، بەڵام پرۆژەکانی سلێمانی بەداهاتی  سلێمانی خۆی جێبەجێبکرێت.. بەرپرسانی سلێمانیش، دەڵێن :داهات نیە.. ئێستا هەرچی پرۆژەیەی سنوری سلێمانیە وەستاوە.

-  سەرۆکی حکومەت و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئێستا قسە لەسەر قاچاخی و گەندەڵی و دۆسیەی زەوی سنوری سلێمانی و  بێ پرۆژەیی ناکەن، چونکە زیانەکە تەنیا لەسەر خەڵکی سلێمانییە، نەک کۆی هەرێمی کوردستان.

- بەرپرسانی سلێمانیش لە حکومەت قسە لەسەر داهاتی نەوت و فیشخابورو ئیبراهیم خەلیل و باج و زەوی و هیچ شتێکی سنوری هەولێر و دهۆک ناکەن.. ئەمیش پەیوەندیدارە بەخۆیانەوە، تەنانەت: حکومەت ڕۆژانە نزیکەی ملیۆنێک لیتر بەنزینی هەیە.. پشکی سلێمانی چوارسەد هەزار لیترە و هەموو دەدرێتە کۆمپانیای( سەن ئۆیڵ) و بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان لەحکومەت دێڕێک ناڵێن! 

‏‎سێیەم: دەرمان و نەسریەو خەرجی فەرمانگەکان

هەر سنورەو دەبێت خەرجی هێزی ئەمنی و سەربازی و نەسریەی سەرجەم فەرمانگەکان و خواردنی نەخۆشخانەو زیندانەکان و دەرمان و پێداویستی تەندروستی و کۆکردنەوەی خاشاک لە داهاتی خۆی دابین بکات.. ئەگەر ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت لەداهاتی خۆی دابینی بکات باهیچ کام لە مانە نەکات.. تەنانەت بۆ کڕینی چەک و فیشەکییش هەر دەبێت لە داهاتی ئیدارەی سلێمانی خۆی بێت.

ئێستاش سلێمانی دەڵێ: داهاتی پێویست نیە بۆ ئەمانە، بۆیە لە ئێستادا لەبەر نەبوونی دەرمان نزیکەی ١٠٠ توشبوی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە مەترسی مردندان.

کێ بەرپرسە: 

یەک: ئەوەی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی بەسەر خاڵی سنوری و ئیدارەدانی سنوری سلێمانی هەیە هەریەک لە( بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) یە.. پاشان ئەگەر دەشڵێن: داهاتی ئەم سنورە خۆی کەمترە! ئەی چۆن لە حکومەتی هەرێم بەم فۆڕمەی دوو ئیدارەی ڕازین. 

دوو: سەرۆکی حکومەت لەڕوی یاسایی و حوکمڕانیەوە بەرپرسی یەکەمە. لە کوێی یاساو کارنامەی حکومەت هاتوە بڵێت: خەزێنەی گشتی نەبێت.. لەچەک و تەقەمەنیەوە هەتا کۆکردنەوەی خاشاک و دەرمان هەر سنورەو لە داهاتی خۆی بیکات؟ 

بەڵێ: لە باشماخ قاچاخ هەیە، بەڵام لە واقعدا داهاتی خاڵەسنوریەکانی هەولێرو دهۆک کە لەگەڵ سێ وڵاتدایە زیاترە لە سلێمانی.

ژمارەی کۆمپانیاکانیش لە هەولێرو دهۆک، سێ هێندەی سلێمانین.. بەهۆی نەمانی متمانەش خەڵک لە سلێمانی ئامادەنیە بەتەواوی پەیوەست بێت بە پێدانی ڕسوماتی ئاو و کارەباوە.

ئەنجام: 

یەک: ئێستا ئیدارەی سلێمانی، دەڵێ: هەمو هەوڵ بۆ دابینکردنی موچە و بەشێک لە نەسریەی فەرمانگەکانە، بۆیە هەرچی پرۆژەیە خزمەتگوزاری وەک ئاو و ڕێگاوبان و نەخۆشانە…. هتد، وەستاوە.. لە ئایندەیەکی نزیکدا نەبوونی خزمەتگوزاری و گرفتی دەرمان دەبنە گەورەترین قەیران بۆ خەڵکی و تەنانەت چاڵی شەقامەکانیش پڕ ناکرێتەوە.

دوو: لە ئێستادا ئیدارەی سلێمانی مانگانە( ٤٨ ملیۆن دۆلار) بۆ موچەی سنوری خۆی دابین دەکات،،  لەئەگەری دابەزینی نرخی نەوت، دەبێت سلێمانی لە داهاتی ناوخۆ پارەی زیاتر بۆ موچە دابین بکات، ئەگەر بەم فۆڕمەی ئێستا بەردەوام بن، گرفتی گەورە بۆ بەشێک لە موچەخۆرانی سلێمانی دروستدەبێت. 

سێ: ئەم دوو ئیدارەیە ڕانەگەیاندراوە زیانێکی گەورەی لە کۆی هەرێمی کوردستان گەیاندوە، دەرگای گەورەشی بۆ گەندەڵی و قاچاخی کردوەتەوەو بەرپرسی ڕاستەقینە لە دۆخەکە وندەکات، بەیەکتر تاوانبارکردن لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە خەڵک دەکرێتە قوربانی.

چوار: جگە لە نەبوونی پرۆژە بەشێکی زۆری نەخۆشخانە حکومیەکانی سلێمانی مەترسی ڕاوەستانی هەیە.. نەخۆشخانەکان بەرەو ئەوە دەچن دەرمانیان تێدا نەمێنێنێت.

تێبینی: 

بەپێی ئەو داهاتەی هەردوو ئیدارەی (هەولێر و دهۆک) و ( سلێمانی) بۆ تەمویلی موچە دەیدەن، لە ئێستادا لەسەرتاسەری کوردستان داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو  کمکراوەتەوە.

مانگی ٢ ی پارساڵ ( ٣٧٤ ملیار دینار) لە داهاتی ناوخۆ تەنیا بۆ موچە تەرخاندەکرا، جگە لەوەش لە داهاتی ناوخۆ بۆ پرۆژە و خەرجی فەرمانگەکان تەرخاندەکرا، کەچی ناتواندرێت بۆ کۆی کوردستان ئێستا (١٦٤ ملیار دینار) لە کاتی خۆیدا بۆ موچە دابین بکرێت! 

سەرەتای پار ساڵ، مانگانە هەولێر و دهۆک(٢١٣ ملیار دینار) و سلێمانی(١٦١ ملیار دینار) تەرخاندەکرد بۆ تەمویلی موچە، بەڵام ئێستا مانگانە هەولێرو دهۆک( ٩٣ ملیارو ٤٨٠ ملیۆن دینار) سلێمانی( ٧٠ملیارو ٥٢٠ ملیۆن دینار)؛ کەچی هێشتا ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت ئەم بڕە لە کاتی خۆی دابین بکات..

چارەسەر: 

پێویستە داهات بە دروستی لە سەرتاسەری کوردستان کۆبکرێتەوە، پاشان بە دادپەروەری بەسەر شارەکاندا جێبەجێبکرێت.. 
پرۆژە یاسای بودجە بێتە پەرلەمان و ئەم دادپەروەریەی تێدا بچەسپێت.


PM:01:40:19/04/2022