فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی چەندان ناوچەی ئامێدی دەکەن

ئەمشەو یەک شەممە ٢٤ ی نیسان فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆردومانێکی خەستی بەرفراوانی چەندان ناوچەی ئامێدەی دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند " لە کاتژمێر ٧:٣٠ ەوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە خەستی بۆردومانی ناوچە شاخاویەکانی ئامێدی بە تایبەتی ناوچەکانی ( نهێل، نێرو رێکان، لینک ) دەکات و تا ئێستا بەردەوامە.

دوێنێ شەویش تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ئەو زنجیرە چیایە بەردەوام بوو، هاوکات هەوڵەکانی چڕ  کردەوە بۆ دابەزاندن و جێگریکردنی یەکەیەکی سەربازی لە سەر چیای لینک.

ئەم هێرشانەی سووپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنە نوێکەی سوپای تورکیایە کەناوی ناوە " چنگی قوفڵ " و لە ١٨ ی نیسانەوە کراوە سەر  ناوچەکانی ( زاب و ئاڤەشین و کۆرەژارو ).

هەر لە دەستپێکردنی هێرشەکەوە تیمی کوردستانی عێراق CPT چوونەتە ناوچەکە، کامەران عوسمان لەو رێکخراوە کە گرنگی بە ئاشتی دەدات بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند " سوپای تورکیا بە قوڵایی ١٩ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە پێشڕەوی کردووە بۆ سەر ناوچەکانی ناحیەی شیلادزێ و هەوڵی دروستکردنی ٥ بارەگای سەربازی لە ( چیای رەش و ئەشکەفتا و ئاراس فارس و وەرخەلێ و کورەژارۆ ) دەدات.

ئەو بەرپرسەی ئەو رێکخراوە دەشڵێت " ئەو ئۆراسیۆنە بۆتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەراوکێ لەناو هاوڵاتیانی ناوچەکەداو زەرەر زیانی مادی بە ١١ خانووی هاوڵاتیانی ناوچەکە کەوتووە".

چادێران و خەڵکی ناوچەکە پێیانوایە گەر ئەم هێرشەی تورکیا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، پشتینەیەکی ئەمنی لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان دروستدەکان و رێگای هاتوچۆکانی گەریلاکانی پەکەکە دەگرێت، هەر بۆیە گەریلاکانی ئەو حیزبە بەرگریەکی توند لەو ناوچەیە دەکەن.



PM:09:14:24/04/2022