یەكەم لێدوانی ماكرۆن دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی فەڕەنسا


ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی نوێی فڕەنسا سوپاسی ئەو كەسانەی دەكات كە دەنگیان پێداوە و بۆ جاری دوەیش متمانەیان پێبەخشیوەتەوە بۆ ئەوەی پێنج ساڵی دیكە ببێتەوە سەرۆكی ئەو وڵاتە و رایگەیاند "هەمومان پێكەوە كار لەسەر بەرەوپێشبردنی وڵاتەكەمان و بەهێز كردنی تەواوی ئەوروپا دەكەین".

ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی نوێی فەڕەنسا پاش بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی فڕەنسا لە كۆبونەوەیەكیدا لەگەڵ هەوادار و لایەنگرانی لەبەردەم سێبوڵی شاری پاریسی پایتەخت رایگەیاند "سوپاسی تەواوی ئەو كەسانە دەكات كە جارێكی دیكە متمانەیان پێبەخشیوەتەوە و پاش تێپەڕبونی پێنج ساڵ جارێكی دیكە زۆرینەی هاوڵاتیانی متمانەیان پێدامەوە".

ماكرۆن ئاماژەی بەوەكرد "سوپاسی بچوكترین و گەورەترینتان دەكەم بۆ بەڕێوە چونی هەڵبژاردنێكی بێگەردانە و دەزانم تەواوی هێزی خۆتانتان خستەگەڕ لەپێناو ئەم پڕۆسەیە، هەمومان پێكەوە كار لەسەر بەرەوپێشبردنی وڵاتەكەمان و بەهێز كردنی تەواوی ئەوروپا دەكەین".

ئیمانوێڵ ماكرۆن باسی لەوەشكردوە "دەزانم ئەوانەی دەنگیان بە من داوە دەنگیان بۆ ئایدۆلۆژی بیركردنەوەكانم نەداوە، بەڵكو دەنگیان بۆ رێگریكردنی راستڕەوەكانی وڵاتەكەمان بوە، لە هەستەكانیان تێدەگەم سەبارە بەو ئەركەی بە دەنگی هاوڵاتیانمان پێم بەخشراوە و پێنج ساڵی داهاتوش دەكەینە رێرەوێك بۆ زیاتر بەرەوپێشچونی وڵاتەكەمان".

ئەم لێدوانەی ماكرۆنیش پاش راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی فەڕەنسا دێت كە بە رێژەی 58.8%  توانی سەركەوتن بەسەر ركابەرەكەی مارین لو پین بەدەست بهێنێت و وەك یەكەمین سەرۆك بۆ جاری دوەم بۆ پۆستی سەرۆكی فڕەنسا هەڵبژێردرێتەوە.



PM:11:27:24/04/2022