بە دوو ملیۆن دینار ناو و بەرواری لەدایک بوون دەخرێتە سەر تابلۆی ئۆتۆمبیلەکەت

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر باسیلەوەکرد، بە بڕی دوو ملیۆن دینار ڕۆژی لەدایکبوون و پیتی یەکەمی ناوی شۆفێر دەخەنەسەر تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی.

ئەمڕۆ ٢٦ی نیسان سێشەممە، لە ڕوونکردنەوەیەکدا فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر وتی "چەندین دەنگۆی هەڵە لەسەر نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل بڵاوبووەتەوە کە هەڵەن، پێشتر ڕسوماتی تابلۆ ٥٠ هەزار دینار بوو، ئێستا بووەتە ٦٠هەزار دینار، ئەوەش چونکە هەموو پێداویستی و موادێک گران بووە و تابلۆکان ئێستا تێچوویان زیاترە."  

وتیشی، "لەئێستادا تەنها بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتییە و لەدوای جەژن بۆ هەموو ئۆتۆمبێلێک بەردەست دەبێت، بەڵام ئەوکاتیش هەموو شۆفێرێک مەرج نیە بیگۆڕێت، تەنها لەکاتی بەسەرچوونی ساڵیانە و نوێکردنەوەی نەبێت، ئەگەرنا ئۆتۆمبێلێک ساڵیانەکەی نوێ بێت دەتوانێت هەر تابلۆ کۆنەکە بێت تاوەکو ساڵیانەکەی بەسەردەچێت."  

ڕوونیشیکردەوە، "ئەگەر شۆفێرێک پێش بەسەرچوونی ساڵیانەکە ئارەزوو بکات تابلۆکەی بگۆڕێت، ئەوکات ڕسوماتەکە لەجیاتی ٦٠ هەزار ١٢٠ هەزار دینار دەبێت، هەروەها ئەگەر کەسێک ئارەزوو بکات بەرواری لەدایکبوونی خۆی لەگەڵ پیتێکی ناوەکەی لەسەر تابلۆکە بێت و ئەگەر ئەو ژمارەیە بەردەست بێت ئەوا بەرامبەر ڕسوماتی دوو ملیۆن دینار دەدات."  



PM:02:30:26/04/2022