لەبارەی ئەنفالەوە ژمارەیەک داواكاری ئاراستەی حكومەت و پەرلەمان دەكرێت

لە ساڵیادی قۆناغی چواری ئەنفالدا یەکێتی نوسەرانی جینۆساید پەیامێك ئاراستەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت" پێویستە بایەخ بە دۆسیەی ئەنفال بدەن و چیتر کەمتەرخەم نەبن، چونکە ھەموو لایەک لە دۆسیەی ئەنفالدا کەمتەرخەمن". 

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" قۆناغی چوارەمی ئەنفال یەکێکە لەھەشت قۆناغە شومەکەی ئەنفالی قڕکردنی گەلی کورد، لە رۆژی ٥ی ٣ی ١٩٨٨ دەستیپێکرد و ناوچەیەکی جوگرافی بەرفراوانی لە دەوروبەری زێی بچوک لە ناوچەکانی (شوان و شێخ بزێنی و کۆیەو تەقتەق و خەلەکان و قڵاسێوکە) و گوندەکانی بەتەواوی گرتەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سوڵتان ھاشم راستەوخۆ فەرماندەیی ئەم قۆناغەی کردوەو لەگەڵ ھێزی پیادەی رژێمی بەعس بەشداری پەلاماردانەکەی کردوە، لەم پەلامارەدا ھەردو گوندی (گۆپتەپەو عەسکەر) بەچەکی کیمیاوی بۆمباران کران، لەم قۆناغەدا نزیکەی (١٠) ھەزار مرۆڤ بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن.

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستاندا ئەوەش هاتووە" وەک قۆناغەکانی تری شاڵاوەکانی ئەنفال رژێم بەبەیاننامە دەستپێک و کۆتایی قۆناغەکانی رادەگەیاند بە جوگرافیای پەلاماردانەکانەوە، ماوەی ئەم قۆناغە تەنیا پێنج رۆژ بوە لە ٣ی ٥ بۆ ٨ی ٥ی ١٩٨٨". 

دەشڵێن" یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان لەم رۆژەدا پەیامی خۆی ئاراستەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکات کەبایەخ بە دۆسیەی ئەنفال بدەن و چیتر کەمتەرخەم نەبن، چونکە ھەمو لایەک لە دۆسیەی ئەنفالدا کەمتەرخەمن". 

داواكاریه‌كانی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بریتین لە:

یەکەم: ئەو شوێنانەی پێی دەوترێت مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال، بایەخیان پێ بدەن و  بکرێن بەمۆنۆمێنت و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکرێت. بە راستی بکرێن بە مۆنۆمێنت.

دووەم: ئەرکە یاساییەکان رابپەڕێنن بەتایبەتی بەتاوان ھەژمارکردنی گومانکردن لەقەبارەی قوربانیانی ئەنفال و پیاھەڵدان و ستایشکردنی تاوانبارانی ئەنفال.

سێیەم: ھێنانەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال لە باشوری عیراق دوای پشکنینی پزیشکی. ئەم بابەتە بکرێت بە دۆسیەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقی.

چوارەم: گۆڕینی میکانیزمی یادکردنەوەی قوربانیەکان بە پرۆژەو کارو خزمەتکردن نەک گوتارو بەناو چالاکی رووکەش.

پێنجەم: ھەوڵدانی ھەمەلایەنە بۆ ناساندنی ئەنفال لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان و لەئاستی ناوخۆش.

شەشەم: داواکارین پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسای یەکێتیەکەمان پەسەند بکات بۆ ئەوەی کارایانەتر نوسەرانی جینۆساید بتوانن ئەرکە ھاوبەشەکانیان راپەڕێنن و یەکێتیەکەمان رۆڵی گەورەی خۆی ببنێ لەم پێناوانەدا.


PM:02:00:03/05/2022