پۆتین: بڕیاری شەڕی ئۆکرانیا تاکە بڕیاری راستە

 
سەرۆکی روسیا لە یادی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانی دووەمدا لە وتەیەکدا رایگەیاند " رۆژئاوای خۆی ئامادە دەکرد بۆ پەلاماردانی روسیاو، هاوپەیمانی ناتۆ لەسەر سنوری روسیا هەڕەشەی دەکرد"، هەروەها وتیشی" بڕیاری شەڕی ئۆکرانیا پێویستەو لە کاتێکی گونجاودا داومانەو تاکە بڕیاری راستە". 

فلادیمیر پۆتین سەرۆکی روسیا لە مەراسیمێکی سەربازیدا کە بە بەبۆنەی رۆژی سەرکەوتن بەسەر نازیەت لە جەنگی دووەمی جیهانیدا خوێندیەوە، وتی" ئێوە جەنگ لە پێناو نیشتمانەکەتاندا لە دونباس و لە پێناو روسیادا دەکەن، ئەرکیشمانە شەڕی نازیەت بکەین تا دووبارە نەبێتەوە".

ئەو مەراسیمە کە لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا سازکراو ١١ هەزار سەربازی بەشداری نمایشەکەیان کرد، پۆتین وتی" ئەمەریکا گەرەوی زۆری لەسەر رووبەڕوبونەوەی ئەمڕۆمان لەگەڵ نازییە نوێکاندا کردووە.. ئێوە جەنگ لە پێناو وڵاتەکەمان و ئایندەیدا دەکەن، بۆ ئەوەی نازیە نوێکان سەرنەکەون".

پۆتین ئاشکراشی کرد " ئەمەریکا بە پێچەوانەی ساڵانی رابردووە، ئەمساڵ رێگای نەدا جەنگاوەرە کۆنەکانی ئەمەریکا کە بەشداربووی جەنگی دووەمی جیهان بوون، ئامادەی مەراسیمی ئەمڕۆ ببن".



PM:01:25:09/05/2022