(سپی) وردەکاری بڕیارە نهێنییەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی بڵاودەکاتەوە

دوێنێ یەکشەممە ٨ی ئایاری ٢٠٢٢ بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوەى خۆی ئەنجامدا و، ماڵپەڕی (سپی) وردەکاری بڕیارە نهێنییەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو حیزبە بڵاودەکاتەوە. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەبێت لەم قۆناغەدا نەخشەی سیاسی عێراق گۆڕانکاری تێدا بکرێت، بۆئەوەش پێویستە (هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمان) دەستەی بەڕێوەبەرایەتی پێکبهێنن. 

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا بارزانی باسی پلانگێڕییەکی کردووە لە دژی هەرێم بە پشتیوانی وڵاتێکی ئقلیمی و وتوشیەتی" زۆر فشارمان لێدەکەن کە لە هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی بچینە دەرەوە و لە بەرامبەردا بەڵێنی هەموو شتێکیان پێداوین، بەڵام ئێمە بڕوامان بە هیچ بەڵێنێک نیە و بەردەوام دەبین لە هاوپەیمانی سێ قۆڵی". 

هەروەها لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی پارتی بە ئەندامانی سەرکردایەتی راگەیاندووە، لە ڕێگەی تورکیاوە ئاگادارکراونەتەوە کە حکومەتی عێراق ئەو هێزەی هێناویەتی بەناوی شەنگالەوە بۆدەست بەسەرداگرتنی بیرەنەتەکانی هەرێم و رێگەگرتنە لە بۆری نەوتی هەرێم بۆ تورکیا. 

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە شاندی (هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان) بۆ
 تاوتوێکردنی پێكهێنانی حکومەتی نوێی عێراق گەیشتنە شاری هەولێر. 

هەر بەپێی زانیارییەکان، شاندەكە پێكهاتووە لە خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبووسی لە سوننەكان و نوێنەری رەوتی سەدر بە بەشداری شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان كۆدەبنەوە.

هەروەها لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق، بڕیارە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە و چەندین کێشەی دیکە کۆبێتەوە. 


PM:03:53:09/05/2022