لە هەرێمی کوردستان نیشانەکانی دووگیان بوون لە پیاواندا ئاشکرا کرا

پزیشکێکی دەروونی لە سلێمانی دوو حاڵەتی دووگیانی پیاوان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات.

ئەمڕۆ ١١ی ئایار چوار شەممە، ئەفرام محەمەد، پزیشکی دەروونی بەناوبانگ لە هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا  دەڵێت، "دەشێت نیشانەکانی دووگیانی لە نێرینەدا ڕووبدات و پێی دەوترێت کۆنیشانەی کۆڤاد (دووگیانی هاوسۆزداری)، نزیکەی 11%ی پیاوان کاتێک هاوژینەکانیان دووگیان دەبێت بڕێک نیشانەیان تێدا دەردەکەوێت." 

ئەو پزیشکە نیشانەکانی دووگیان بوون لە پیاواندا ئاشکرادەکات:

نیشانە جەستەییەکان: دڵتێکەڵهاتن، ڕشانەوە، گرفتی خەو، زیادبوونی کێش، قەڵەوی ورگ و ئازاری پەلەکان و پشت

نیشانە دەرونییەکان: دڵەڕاوکێ، شپرزەیی، بێئۆقرەیی،گرفتی خەو و کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی

ناوبراو باسی لەوەشکردووە کە "نیشانەکان نابێتەهۆی منداڵبوون بەڵام وەک ژنان بێزوو بە خواردنەوە دەدات." 

ئەفرام محەمەد جەختیکردووەتەوە کە "ئەمە بابەتێکی زانستییە و لە سەرجەم سەرچاوە زانستییە باوەڕپێکراوەکاندا هەیە، بەڵام لای خۆمان کەمتر دەستنیشان دەکرێت، چونکە بە دەگمەن پزیشکێک بە پیاوێک کە ئەم ناشانانەی هەبێت دەڵێت هاوژینەکەت دووگیان نییە یاخود نا؟". 

"بۆیە کۆمەڵە پشکنینێکی زۆر و بێمانای بۆ دەکەن و پارەیەکی زۆر بەفیڕۆ دەڕوات، ئەو حاڵەتەی من چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دیم یەکێک بوو لەو قوربانیانەی کە پارەیەکی زۆر و کاتێکی زۆری بەفیڕۆ دابوو." 

ئاشکراشیکردووە کە "لەو حاڵەتانەی کە من دیومە نیشانەکان بۆ ماوەی پێنج مانگ بەردەوام بووە." 



PM:02:35:11/05/2022