ئاسایشی سلێمانی: لە چەمچەماڵ پیاوێك هەڵیكوتایە سەر ماڵی خەزوری و كەسێكی كوشت


بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی  رایدەگەیەنێت "بەهۆی كێشەی خێزانیەوە پیاوێك هەڵیكوتایە سەر ماڵی خەزوری لە بانی مەقانی سنوری چەمچەماڵ و دەستڕێژی گوللـەی لێكردن، بەو هۆیەشەوە دراوسێیەكی ماڵی خەزوری كوژرا".

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاوێكەوە بەناوەكانی (د ، ٳ ، م ) (ت ، ی ، م ) كە هاوسەری یەكترن و دانیشتوی شاری سلێمانین، ژنەكە دەچێتەوە ماڵی باوكی لەقەزای چەمچەماڵ لەبانی مەقان نیشتەجێ دەبێت، شەوی 12ی ئەم مانگە هاوسەرەكەی بەناوی (د ، ٳ ، م) دەچێتە سەر ماڵ خەزوری و تەقەیان لێدەكات، لەئەنجامیشدا هاوڵاتییەكی دراوسێیان بەناوی (جومعە عەلی عومەر ) گوللـەی بەردەكەوێت و دواتر كۆتایی بەژیانی دێت".

ئاماژەی بەوەشكردوە، "بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی چەمچەماڵ دۆسێی لێكۆڵینەوە كرایەوە و دەستبەجێ هێزەكانمان كەوتنە كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی ڕوداوەكەو لەسەر تۆمەتبارەكان، سەرەنجام تەقەكەرەكە بەناوی (د ، إ ، م ) و  كەسێكی دیكە بەناوی ( ب ، م ، ٲ) لەلایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیركران و دەستبەسەر ئۆتۆمبێل و چەكەكەدا گیرا و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیمان كران".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "لەئێستادا تۆمەتبارەكان بەماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی، بەفەرمانی دادوەر لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە بەردەوامە".

دوو هەفتە لەمەوبەر و لەیەكەم رۆژی جەژنی رەمەزانیشدا پیاوێك لەناو قەزای چەمچەماڵ هێرشیكردە سەر ماڵی خەزوری، ژنەكەی و 3 (سێ) كەسی دیكەی كوشت و 2 (دو) كەسیشی برینداركرد، پاشانیش لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیركرا.




PM:09:22:14/05/2022