ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢ بارگرژی لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری قەزای ئامێدی دروست بوو.
دوای ئەو شەڕە توندەی لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە دروست بوو، ئێستا شەڕەکە چۆتە قۆناخێکی نوێ و بارگرژییەکی بەهێز دروست بووە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچە سنورییەکانی ئامێدی.
لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ماڵپەڕی (سپی) زانیاری دەست کەوتووە، کە هێزێکی زۆری پێشمەرگە بە چەندەها جۆر چەکەوە ڕەوانەی ناوچەی قەزای ئامێدی و شیلادزێ کراون، وە بارگرژی نێوانیان تا ئێستا بەردەوامی هەیە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە بۆردومانێکدا لە ناوچە سنورییەکانی ئامێدی، دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، پاش بوردومانەکە دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکرد، پەکەکە بۆردومانی سنورەکانی ناحیەی بامەڕنێی کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
هاوکات لای خۆشییەوە میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە ڕایگەیاند" سوپای تورکیا بۆردومانی گەشت و سەیرانی هاووڵاتیانی کردووە و بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە.