شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا ئاڵۆزتر دەبێت
خەریکە پارتیش لە شەڕەکەوە دەگلێت(ڤیدیۆ )


دوو رۆژە شەڕێکی زۆر قورس لە ناوچەی شیلادزی و بەتایبەتی قەزای ئامێدی لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە، ئەمڕۆ شەڕەکە شوێنە نزیک نیشتەجێکانی گرتەوە، هەروەها هێزی پێشمەرگەی پارتی خەریکە لە شەڕەکەوە دەگلێت.

لەگەڵ هەر هێرشێکی پەکەکە بۆ سەر بنکە و سەربازگەکانی سوپای تورکیا لەناوچەی ئامێدی بە مووشەکی حەراری و بەچەکی دۆشکە، هێزەکانی تورکیا و بە تایبەتی هێزە ئاسمانیەکانی دڕندەتر دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ئەو قەزایە.

دوێنێ دوای هێرشێکی پەکەکە بە مووشەکی حەراری بۆ سەر چەند بنکەیەکی سوپای تورکیا، فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە ٨ کاتژمێر لە نێوەرۆی چوار شەممەوە تا دەرنگانێکی شەو بۆردومان شوێنە جیاجیاکانی ئەو ناوچانەیان کردو کە هەندێک لەو هێرشانە زۆر نزیک بووە لە ناحیەی شیلادزی و قەزای ئامێدیەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە بە هەمان شێوەی دوێنێ گەریلا بە مووشەک و چەکی قورس هێرشی کردە سەر بنکەکانی سوپای تورکیا چەند تۆپ لە سەیرانگایەک کە چەندان خێزانی تێدابوو کەوتەوە، هەرچی خەڵکێکی سەیرانەکەرە وەک لەو ڤیدیۆیانەدا دەردەکەوێت تۆپخانەکانی تورکیا تۆمەتبار دەکەن.

هەرچی میدیا پارتیە، پەکەکە تۆمەتبار دەکات کە دوو مناڵ بە مووشەک بارانی ئەوان کوژراون، پەکەکەش تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەکیان لەسەر رووداوەکە دەرنەکردووە. 

هەروەها ئەمشەو میدیاکانی پەکەکە تۆمەتبار دەکەن کە کاتژمێر ٨:٣٠ گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردۆتە سەر پێشمەرگەو بریندارێک هەیە.

هەروەها دوو منداڵ بوونەتە قوربانی تۆبپارانی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە، وەک میدیا پارتی ئاماژەی بۆ دەکات.

ڤیدیۆیەکە لەم لینکەوە لە تێلگیرامی سپی میدیا ببینە..




AM:02:13:27/05/2022