بارزانی: پابەندبوون بە دەستوور و گفتوگۆ چارەسەری گرفت و قەیرانەكانی عێراقە

ئەمڕۆ یەکشەممە مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كۆبوه‌وه‌ و لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق وتی" پابەندبوون بە دەستورو گفتوگۆ چارەسەری گرفت و قەیرانەكانی عێراقە". 

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی باره‌گای بارزانی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەلاحەددین پێشوازی لە مارك برایسن ڕیچاردسۆن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد و لە دیدارەكەدا هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق و تەحەددیات و ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كرا.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵی عێراق و بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە" پابەندبون بە دەستور و گفتوگۆ چارەسەری گرفت و قەیرانەكانی عێراقە". 

له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئەوەش هاتووە" پەیوەست بە بارودۆخی سیاسی هەرێم و مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، مه‌سعود بارزانی پابەندبونی خۆی بەرانبەر پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دوپاتكردەوە".


PM:03:32:05/06/2022